Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. هێمن هەورامی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی چین کرد

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی پێشوازی لە کونسوڵی چین کرد، لە دیدارەکەدا هێمن هەورامی ڕایگەیاند کە مەرجی سەرەکی بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی ئێستای کوردستان کاراکردنەوەی پەرلەمانە، و جەختیشی لەسەر گرنگیی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی کردەوە بۆ هێنانەدی ئەم ئەرکە نیشتیمانییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤-٦-٢٠٢٦، د.هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە میانی دیدارەکەدا هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی پارتی کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان بناغەی سەرەکیی دەرچوونە لە دۆخی چەقبەستوویی، هەروەها ڕوونیکردەوە کە هەر لایەک لەبەردەم بەرپرسیارێتی سیاسی، یاسایی و نیشتیمانیدایە بەرامبەر بە قەوارەی هەرێم و متمانەی دەنگدەران، کە ئەمەش بەرئەنجامی هەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ە.

لەم ڕووەوە ئاماژەی بە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی کرد کە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە ڕایگەیاندبوو، وەک هەنگاوێکی گرنگ و چارەنووسساز، و هیواشی خواست سەرجەم لایەنەکان هاوکار بن بۆ ئەوەی ڕێڕەوی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان ببرێنە ناو دامەزراوەی پەرلەمانەوە.

سەبارەت بە دوایین ڕەوشی سیاسی، هێمن هەورامی ڕوونی کردەوە کە پارتی وەک هێزی براوەی یەکەم لە دوایین هەڵبژاردندا بە ٤٠٠ هەزار دەنگ پێش هێزی دووەم و سێیەمە، و مافی خۆیەتی ئەم ئەنجامانە لە گفتوگۆکاندا بەکاربێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ یەکێتی کە لە ئایاری ٢٠٢٥ و دوای شەش مانگ گفتوگۆ ئیمزا کرا، بنەمای شەراکەت و سازان کراوەتە بناغە.

هاوکات لە دیدارەکەدا وردەکاری پێویست لەسەر دوایین پەرەسەندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و ڕێککەوتنی هەردوولا لەسەر بابەتەکانی گومرگ، ئەسیکۆدا و وەبەرهێنان خرایە ڕوو.

لە کۆتاییدا، کونسوڵی گشتیی چین وردەکاری لەسەر یاد و بەرنامەکانی ١٠٥ ساڵەی دامەزراندنی پارتی کۆمۆنیستی چین خستە ڕوو، و ئاماژەی بە قووڵایی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کۆمۆنیستی چین کرد و هیوای بەردەوامی و قووڵبوونەوەی زیاتری بۆ خواستن.