Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

5 هەزار کەس بە جلی کوردییەوە بۆ ریکۆردی گینیس کۆدەبنەوە

ھەولێر-KDP.info- فێستیڤاڵی جلوبەرگی کولتووریی کوردی لەلایەن رێکخراوی "کوردستان فاوندەیشن" لە شاری ھەولێر دەستیپێکرد، کە تێیدا لە رێگەی کۆکردنەوەی زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس بە جلی رەسەنی کوردییەوە، ھەوڵێکی فەرمی و مێژوویی دەدرێت بۆ تۆمارکردنی ناوی کوردستان لە کتێبی ژمارە پێوانەیییەکانی گینسدا.

ئەمڕۆ ھەولێر میوانداریی ڕووداوێکی مێژوویی و نەتەوەیی دەکات. رێکخراوی "کوردستان فاوندەیشن فێستیڤاڵی جلوبەرگی کولتووریی کوردی ساز دەکات، کە تێیدا ھەوڵ دەدرێت گەورەترین کۆبوونەوەی مرۆڤایەتی بە جلی رەسەنی کوردییەوە ئەنجام بدرێت و ناوی کوردستان لە کتێبی ژمارە پێوانەیییەکانی گینیسدا تۆمار بکرێت.

کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە گۆڕەپانی دەرەوەی ناوەندی گەنجان لە شاری ھەولێر، چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە دەستیپێکرد، پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٥,٠٠٠ کەس بە جلی رەسەنی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە بەشداری بکەن، تاوەکو رەنگینیی میراتی کورد بە جیھان بناسێنن.

بەپێی کارنامەی فێستیڤاڵەکە، لە ئێوارەوە تا کاتژمێر ٧:٠٠ ناوتۆمارکردن و پێشانگای جلوبەرگی رەسەن بەردەوام دەبێت. ساتەوەختی یەکلاییکەرەوە کاتژمێر ٨:٠٠ی شەو دەبێت، کە تێیدا پڕۆگرامی سەرەکیی سەر ستەیج و ھەوڵی فەرمی بۆ تۆمارکردنی ژمارە پێوانەییەکە دەستپێدەکات، و بڕیارە کاتژمێر ٨:٣٠ـی شەو ئەنجامی کۆتایی رابگەیەنرێت.

کوردستان فاوندەیشن ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجیان لەم کارە، تەنیا شکاندنی ریکۆرد نییە، بەڵکو پاراستنی میراتی نەتەوەیی، پتەوکردنی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و ئیلھامبەخشینە بە نەوەی نوێ بۆ ئەوەی شانازی بە شوناس و کولتووری خۆیانەوە بکەن.

ئەم فێستیڤاڵە وەک دەرفەتێکی زێڕین دەبینرێت بۆ ئەوەی شوناسی کوردی لە رێگەی ھەوڵێکی نێودەوڵەتییەوە لە کتێبی گینیسدا دەنگ بداتەوە و سەرنجی جیھان بۆ لای جوانی و رەسەنایەتی جلی کوردی رابکێشێت.