هەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوودایە و بازاڕی دەرمانیش بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ستراتیژی نوێی حکوومەت گۆڕینی هەرێمە لە بەکارهێنەرەوە بۆ بەرهەمهێنەری دەرمان، بە جۆرێک کە لەبری هاوردەکردن، پێداویستییە پزیشکییەکان لە ناوخۆدا بەرهەم بهێنرێن.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بەهۆی پێشکەوتنی سیستەمی تەندروستی لە کابینەی نۆیەمدا، لە ئێستادا نەک تەنها لە شارەکانی دیکەی عێراق، بەڵکو هاووڵاتیان و کوردانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر دێنە هەرێمی کوردستان. ئەمەش بەهۆی کورتیی ماوەی نۆرەگرتن، خێرایی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و هەرزانیی نرخەکانە بە بەراورد بە وڵاتانی ئەوروپا و دەوروبەر، کە ئەمەش متمانەی هاووڵاتیانی بە سیستەمی گشتی و تایبەتی تەندروستی بەرزکردووەتەوە."
سەبارەت بە کوالێتی و چاودێریکردنی دەرمان، د. سامان بەرزنجی ڕوونی کردەوە، "هەر دەرمانێک لە هەرێم بەکاربهێنرێت پێویستە تۆمارکراو بێت، کارگەکەی ناسراو بێت و بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی بێت، چونكە ئێستا سیستەمێکی ئەلیکترۆنی مۆدێرن پەیڕەو دەکرێت، هەر دەرمانێک ستیکەری فەرمی و مۆری حکوومەتی هەرێمی لەسەر نەبێت، بە قاچاخ ئەژمار دەکرێت. لە ئێستادا زیاتر لە %٩٨ی دەرمانەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی کۆنترۆڵ و تۆمارکراون.
وەزیری تەندروستی تیشکی خستە سەر دانانی بەردی بناغەی کارگەی (داسن) لە زاخۆ و گوتی، ئەم جۆرە پڕۆژانە کوالێتی دەرمان بەرز و نرخەکەی هەرزانتر دەکەن كە سەرمایەی پڕۆژەکە زیاتر لە ٢٢ ملیۆن دۆلار و (پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانە) و ڕووبەر ١٨ دۆنم زەویە لەسەر ڕێگەی سەرەکیی زاخۆ - دهۆک و دەبێتە هۆكاری دابینکردنی زیاتر لە ٤٠٠ دەرفەتی کاری ڕاستەوخۆ بۆ گەنجان و ماوەی جێبەجێکردنیشی لە ٣ ساڵدا کارەکانی تەواو دەبێت و بە چوار هێڵی جیاواز هەڵدەسێت بە دروستکردنی پێداویستی پزیشکی لەوانە: (سیلان، دڵۆپاندن (قەترە)، حەب و سرنج).
بڵند ئیبراهیم