Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڤیان سلێمان بۆ KDP.info: لە ڕێگەی ڕاهێنانەوە کادیرانمان بۆ قۆناغی نوێ ئامادە دەکەین

دهۆک-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک دەڵێ، پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەردەوامی و لە سەرجەم بوارەکاندا خولی ڕاهێنانی هەمەجۆر بۆ کادیرانی دەکاتەوە و دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەم خولانەوە یەکەیەکی هزریی ڕێکخراو دروست بکەین تا کادیران بە قووڵی لە فەلسەفەی حزب تێبگەن، چونکە هەر حزبێک بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی توانای کادیرەکانی، لە سەرکەوتن بەردەوام دەبێت و لە گۆڕەپانی سیاسیدا لە پێشەنگدا دەمێنێتەوە.

د. ڤیان سلێمان، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاند، "وەکو مەکتەبی ڕێکخستنی دهۆک بەردەوامین لە کردنەوەی خولی جۆراوجۆر، لەوانەش خولی ڕۆشنبیری بە ئامانجی نوێکردنەوە و بەرزکردنەوەی تواناکانی کادیران. ئەمەش سیمای حزبێکی پێشکەوتوو و زیندووە، چونکە هەر حزبێک بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی توانای کادیرەکانی، لە سەرکەوتن بەردەوام دەبێت و لە گۆڕەپانی سیاسیدا لە پێشەنگدا دەمێنێتەوە."

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە لای پارتی، کادیر بنەمای سەرەکی و پردی پەیوەندییە لەگەڵ هاووڵاتیاندا، بۆیە ڕاهێنان، پەرەپێدانی تواناکان و نزیکبوونەوە لە خەڵک هۆکاری سەرەکین بۆ گەشەپێدانی ڕێکخستنەکان و ڕاکێشانی سەرجەم چین و توێژەکان بۆ ناو حزب.

د. ڤیان سلێمان لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە ئاستی هۆشیاریی کادیران کرد و گوتی، "ناگونجێت کادیر بێبەش بێت لە زانیاری گشتی و ڕۆشنبیری، ئامانجی ئێمە ئەوەیە کادیر خاوەن کارامەیی بێت، ئاستی بەرزتر بێت، و بتوانێت بە عەقڵییەتێکی سەردەمیانە و نوێ شرۆڤەی هاوکێشە سیاسییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بکات و ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا.

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک گوتیشی، "دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەم خولانەوە یەکەیەکی هزریی ڕێکخراو دروست بکەین تا کادیران بە قووڵی لە فەلسەفەی حزب تێبگەن، لەم سەردەمەدا کە دیجیتاڵ میدیا وەک ئامرازێکی سەرەکیی پەیوەندی بەکاردێت، زۆر گرنگە کادیرانی ئێمە هۆشیارییەکی باشیان لەم بوارەدا هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوازێکی تەندروست و دروست بەکاری بهێنن.

لە کۆتاییدا، د. ڤیان سلێمان دووپاتی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە بە دیدی سەرکردە سەیری کادیرەکانی دەکات و گرنگییەکی تایبەتیان پێدەدات، بۆیە پڕۆسەی کردنەوەی خول و ڕاهێنانەکان لە سەرجەم بوارەکاندا بە بەردەوامی درێژەی دەبێت.

 

بڵند ئیبراهیم