ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی کۆدەبێتەوە و دوو تەوەر تاوتوێ دەکات.
تەوەری یەکەم:
خستنەڕووی پوختەی کۆنووسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵی و گومرگی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا کە لە رۆژی ٢٠٢٦/٦/١٨ لە بەغدا واژووکرا و، راسپاردنی وەزارەتەکانی پەیوەندیدار بە بابەتەکانی ئەسیکودا، (دارایی و ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی، ناوخۆ، پلاندانان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تەندروستی) و دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵی بۆ ئامادەسازیی پەسەندکردنی کۆتایی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری، و خستنەڕووی هەنگاوەکانی داهاتوو. (ئەم بابەتە لەلایەن لیژنەی تەکنیکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو کە واژوویان لەسەر کۆنووسە هاوبەشەکە کردووە و میوانداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەن کراون بۆ ئەم مەبەستە).
تەوەری دووەم:
خستنەڕووی چاکسازییەکان لە بواری خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران، و بڕیاردان لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تایبەت بە دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینیی کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی ٥٠٠ هەزار دینار کە لە خەزنەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران دابین دەکرێت. (ئەم بابەتە لەلایەن وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەخرێتە روو).