Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکوومەت: خۆشحاڵم ڕۆژ بە ڕۆژ وڵاتەکەمان پێشدەکەوێت

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە 23/6/2026، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارکی (باخچە هەڵواسراوەکانی بابل) لە قەزای عەنکاوە کرایەوە.

لەمیانی رێورەسمەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتەیەکی پێشکەشە کرد و ڕایگەیاند: خۆشحاڵم كە دوای ساڵێك لە دانانی بەردی بناغە بۆ دروستكردنی ئەم پاركە، ئەمڕۆ لێرە بە یەكەوە كۆبووینەتەوە بۆ كردنەوەی ئەم پاركە كە پاركی باخچە هەڵواسراوەكانی بابلە.

مەسروور بارزانی گوتیشی: "ئەم پاركە ئاماژەیەكە بۆ ڕەسەنایەتی و مێژووی بەیەكەوەژیان لە وڵاتەكەماندا. پاركێكە كە لە چەندین بەش پێكهاتووە و دەكەوێتە خزمەتی خەڵكی شارۆچكەی عەنكاوە و شاری هەولێر بە شێوەیەكی گشتی و هەموو ئەو بەڕێزانەی كە سەردانی ئەم ناوچەیە دەكەن."

سەرۆکی حکوومەت ڕاشیگەیاند: "زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم ڕۆژ بە ڕۆژ وڵاتەكەمان پێش دەكەوێت، شوێنی خۆشتر و باشتر دروست دەكرێن كە هەمووتان شایانی ئەوەن زیاتر خزمەت بكرێن. ئەوەی لە دەست ئێمەش بێت بە یەكەوە لەگەڵ ئێوە، هەوڵ بدەین كۆمەڵگەیەكی تەندروستتر بۆ خۆمان دروست بكەین، بۆ گەشتیاران دروست بكەین، بۆ میوانەكانمان دروست بكەین و بە شانازییەوە ئەمڕۆ یەكێك لەم دەستكەوتانە دەكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان."

دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکوومەت:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان زۆر زۆر بەخێر بێن

ماندوو نەبن

ئێوارەتان باش

خۆشحاڵم كە دوای ساڵێك لە دانانی بەردی بناغە بۆ دروستكردنی ئەم پاركە، ئەمڕۆ لێرە بە یەكەوە كۆبووینەتەوە بۆ كردنەوەی ئەم پاركە كە پاركی باخچە هەڵواسراوەكانی بابلە.

هەر لە ناوەكەیەوە دیارە كە ئەم پاركە ئاماژەیەكە بۆ ڕەسەنایەتی و مێژووی بەیەكەوەژیان لە وڵاتەكەماندا. پاركێكە كە لە چەندین بەش پێكهاتووە و دەكەوێتە خزمەتی خەڵكی شارۆچكەی عەنكاوە و شاری هەولێر بە شێوەیەكی گشتی و هەموو ئەو بەڕێزانەی كە سەردانی ئەم ناوچەیە دەكەن. شوێنێك دەبێت بۆ ئەوەی كە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە خێزانەكان، منداڵەكان بە یەكەوە لەم شوێنە كۆببنەوە و كاتی خۆش بەسەر ببەن. هەروەها بەشی تایبەت لەم پاركەدا دروست كراوە بۆ وەرزشكردن كە لە ڕووی جەستەییەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەو خەڵكانەی كە سەردانی ئێرە دەكەن، گەنجەكان كە دێنە ئێرە، ئەوانیش بەردەوام بن لە وەرزشكردنی خۆیان.

جگە لەوە، لە ڕووی جوانتركردنی شارەكە بە شێوەیەكی زۆر جوان و ڕازاوە دروست كراوە كە سیمایەكی تر، دیمەنێكی تری جوانتر بە شارۆچكەی عەنكاوە و شاری هەولێر دەبەخشێت. هەروەها هەر لە پشت منەوە دیارە كە بەرزترین ئاڵا لەسەر ئاستی عێراق لەم پاركەدا دروست كراوە كە ئەمەش جێگەی شانازییە.

زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم ڕۆژ بە ڕۆژ وڵاتەكەمان پێش دەكەوێت، شوێنی خۆشتر و باشتر دروست دەكرێن كە هەمووتان شایانی ئەوەن زیاتر خزمەت بكرێن. ئەوەی لە دەست ئێمەش بێت بە یەكەوە لەگەڵ ئێوە، هەوڵ بدەین كۆمەڵگەیەكی تەندروستتر بۆ خۆمان دروست بكەین، بۆ گەشتیاران دروست بكەین، بۆ میوانەكانمان دروست بكەین و بە شانازییەوە ئەمڕۆ یەكێك لەم دەستكەوتانە دەكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان.

من دەستخۆشی لە وەزیری شارەوانی، لە سەرۆكی شارەوانیی شاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی شارۆچكەی عەنكاوە دەكەم بۆ یارمەتیدان و پاڵپشتییان بۆ ئەم پرۆژەیە. هەروەها دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم كە بە شێوەیەكی زۆر جوان و ڕێكوپێك ئەم پاركەیان دروست كردووە.

جارێكی تر لە هەمووتان پیرۆز بێت. كاتێكی خۆش بەسەر بەرن، ئینشائەڵا وڵاتەكەمان رۆژ بە رۆژ ئاوەدانتر دەبێت. زۆر زۆر سوپاستان دەكەم.