Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێگەی (هەولێر–کۆیە) ١٣ کیلۆمەتری قیرکراوە و تیمەکانیش شەو و ڕۆژ کاردەكەن

ھەولێر-KDP.info- کارەکانی دروستکردنی ڕێگەی خێرای (هەولێر–کۆیە)، کە یەکێکە لە گەورەترین و ستراتیژیترین پڕۆژەکانی ڕێگەوبان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و تا ئێستا ٣٥٪ـی کارەکانی بە سەرکەوتوویی تەواو کراون.

ئەم پڕۆژە ستراتیژییە کە گوژمەی گشتیی ٦٨٣ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێت و بە تەواوبوونی، کەرتی بازرگانی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا پەرەسەندنێکی بێوێنە بەخۆیەوە دەبینێت و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیانیش لە کاتی هاتووچۆدا بە تەواوی مسۆگەر دەکات.

ئەندازیار هەڵگورد وەلی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی ڕێگەوبانی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی KDP.infoی ڕاگەیاند، "تا ئێستا ١٣ کیلۆمەتر لە ڕێگەکە بە تەواوی قیرکراوە و تیمەکانی ئەندازیاری و کرێکاران بە دوو شەفت و بە شێوەی شەو و ڕۆژ بەردەوامن لە کارکردن و بەپێی گرێبەستەکەش، وادەی کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٨ـە، بەڵام بەهۆی خێرایی کارەکانەوە، هەوڵ دەدرێت تەنها لە ماوەی ساڵێکدا تەواوی پڕۆژەکە بە کۆتا بگەیەنرێت.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی ڕێگەوبانی هەولێر لە بارەی تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی پڕۆژەکە گوتی، "درێژیی ڕێگاکە ٤٥ کیلۆمەترە و بە شێوازی دوو سایدی خێرا دروست دەکرێت و پێکهاتەی سایدەکانیش هەر سایدێک لە ٣ لەینی هاتووچۆ و ١ لەینی فریاگوزاری پێکدێت و  ١١ بەرزەپرد و ژێرپرد، لەگەڵ چەندین ئاوبەر و دیواری ڕاگرتن لەخۆ دەگرێت و ماوەی هاتووچۆی نێوان هەولێر و کۆیەش بۆ تەنها ٢٥ خولەک کەم دەکاتەوە.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ڕێگەیە گرنگییەکی باڵای هەیە چونکە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بە یەکەوە دەبەستێتەوە. بە تەواوبوونی، کەرتی بازرگانی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا پەرەسەندنێکی بێوێنە بەخۆیەوە دەبینێت و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان لە کاتی هاتووچۆدا بە تەواوی مسۆگەر دەکات.

 

ئەژین غەفار