ھەولێر-KDP.info- دکتۆر هێمن هەورامی، بەرپرسی بەشی ڕێکخستن و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت کە هیچ بیانوویەک بۆ کارانەکردنی پەرلەمانی کوردستان نەماوە و هەر لایەنێک کۆسپ لەبەردەم ئەم پرۆسەیەدا دروست بکات، ئۆباڵی یاسایی، سیاسی و نیشتمانی دەکەوێتە ئەستۆ. ناوبراو جەختیشی کردەوە کە کاراکردنی پەرلەمان هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێم.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، دکتۆر هێمن هەورامی پێشوازی لە شاندێکی سیاسیی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بێث ویلسۆن کرد. لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان تاوتوێ کران.
بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی لە میانی دیدارەکەدا هەڵوێستی نەگۆڕی پارتی خستەڕوو و ڕایگەیاند، "خەڵکی کوردستان مافی تەواوی خۆیانە دەرئەنجامی بەشداری و دەنگدانیان بۆ پەرلەمانی کوردستان ببینن. پارتی لەم پێناوەدا بەوپەڕی پشوودرێژییەوە مامەڵەی کردووە، چەندین مانگ گفتوگۆی ئەنجامداوە و ڕێککەوتنی سیاسیی فەرمیشی مۆر کردووە، بۆیە چیتر دواخستنی پرۆسەکە قبووڵکراو نییە."
دکتۆر هێمن هەورامی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وردەکاریی زیاتری لەسەر دوایین دەستپێشخەریی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی خستەڕوو. ناوبراو جەختی لە ئامادەیی تەواوی پارتی کردەوە بۆ کارکردن و بەدواداچوونی بەردەوام لەسەر بنەمای ئەو دەستپێشخەرییە، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە دەنگی هاووڵاتیان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.