Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی دەستە بۆ KDP.info: بۆ بڕیاری کۆتایی دۆسیەکامان ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە

هەولێر -KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ، ١١ کۆمپانیا داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ وەرگرتن و هەناردەکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیش ڕایدەگەیەنێت کە تەواوی ڕێکارەکان کۆتاییان هاتووە و پڕۆژەکە بۆ پەسەندکردنی کۆتایی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێم، داوامان لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کرد کە بێنە پێشەوە بۆ هەناردەکردنی گەنم بۆ دەرەوەی وڵات."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دوای دیاریکردنی وادەی یاسایی بۆ تۆمارکردنی ناوی کۆمپانیاکان، ١١ کۆمپانیا بە فەرمی ناوی خۆیان تۆمار کردووە و ئامادەیی تەواویان نیشانداوە بۆ کڕینەوە و ڕەوانەکردنی گەنمی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی دەرەوە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەبارەی قۆناغی ئێستای پڕۆسەکەوە ڕوونی کردەوە، "ئێمە وەک دەستەی وەبەرهێنان سەرجەم کار و ڕێکارە پێویستەکانمان لەسەر دۆسیەی ئەو ١١ کۆمپانیایە تەواو کردووە و پشکنینی پێویست بۆ داواکارییەکانیان کراوە. لە ئێستادا دۆسیەکامان ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت و ڕەزامەندی لەسەر بدرێت."

د. محەمەد شوکری جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە ستراتیژییە وەک پاڵپشتییەکی ڕاستەوخۆ و بەهێزە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دۆزینەوەی بازاڕی نوێ و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی ڕەنج و بەرهەمی ناوخۆیی.

 

بڵند ئیبراهیم