Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پشتیوان سادق: مزگەوتی گەورەی بارزانی دەبێتە ناوەندێکی گەورەی زانستیی فیکری

ھەولێر-KDP. info-  پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکیدا لە رێورەسمی دانانی بەردی بناخەی مزگەوتی گەورەی بارزانی گوتی: ئەمڕۆ لە هەولێری پایتەخت بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەی گەورەترین مزگەوت و ناوەندە ئایینیەکە بەبەرزترین کوالێتی تەلارسازی بونیاد دەنرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم پڕۆژەیە زیندووکردنەوەی رەسەنایەتیی ئیسلامی و قووڵکردنەوەی زانستیی شەرعییە لەم خاکەدا، گوتیشی، شانازییەکی گەورەیە ئەم ناوەندە پیرۆزە ناوی رێبەری نیشتمانی مەلا مستەفا بارزانی پێبڕاوە و دەبێتە مزگەوتی گەورەی بارزانی.

وەزیری ئەوقاف باسی لەوەشکرد، ئەم هەنگاوە درێژکراوەی ئەم بنەما فیکرییە قووڵیەیە کە رێبازی بارزانی لەسەر بونیاد نراوە، بۆیە کاتێک سەیری مێژوو دەکەین، دەبینین خواناسیی و عیبادەت لە دیدی شێخ ئەحمەدی بارزاندا تەنها رێورەسمێکی رواڵەتی نەبووە، بەڵکو فەلسەفەیەکی کرداری بووە، بۆ دەروون پاکی و پاراستنی مرۆڤدۆستیی و ژینگە و ژیان.

دەشڵێت: هەمیشە سەرۆک بارزانی جەختی کردووەتەوە، ئەم رێبازە بریتییە لە خوا پەرستیی و مرۆڤدۆستیی و پێکەوە ژیان و بەرگرییکردن لە خاک. هەر لەسەر ئەم بنەمایانە بوو مەلا مستەفا شۆرش و خەباتی نەتەوەیی بە رەوشتی بەرز و پاراستنی پێکهاتە نەتەوە جیاوازەکان گرێ دا.

پشتیوان سادق گوتیشی، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی وەک پارێزەری راستەقینەی ئەم میراتە، هەمیشە پشتیوان و قەڵغانی پاراستنی ئایینی پیرۆز و چەسپاندنی کولتووری پێکەوە ژیان بووە لە کوردستان.

راشیگەیاند، کایەی خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و زانایانی ئایینی گەشەکردنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەم دەستپێشخەرییە گرنگە جارێکی دیکە سەلماندی کە دیدگای بۆ ئاوەدانکردنەوە تەنیا لە ژێرخانی ئابووری و رێگاوبان و خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان کورت نابێتەوە، بەڵکو پەرۆشی ئاوەدانکردنەوەی عەقل و پاراستنی بیروباوەڕی رەسەنی کوردی مرۆڤی کوردستانە.

وەزیری ئەوقاف دەشڵێت، ئەم ناوەندە گەورەیە دەبێتە ناوەندێکی گەورەی فیکری و زانستیی بۆ پێگەیاندنی نەوەی داهاتوو.  

لە ساڵی 2023 سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بیرۆکەی پڕۆژەکەی پێشکەش کردووە.  ئەم پڕۆژەیە لەسەر راسپاردە و فەرمانی سەرۆکی حکوومەت و لە رێگەی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و راسپاردنی ئەندازیار گۆران رەشید فەتاح، سەرۆکی تیمی "گراف" وەک تیمێکی خۆماڵی، دیزاین کراوە.

ئامانجی ئەم پڕۆژەیە، زیندووکردنەوەی تەلارسازیی کوردی و بەرجەستەکردنی سروشتی کوردستان و مێژووی ژیانی شکۆمەندی بارزانی نەمرە، کە قۆناخ بە قۆناخ و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جێبەجێ کراوە.

پڕۆژەکە لەسەر رووبەری زیاتر لە 2 ملیۆن مەتر دووجا دیزاین کراوە و چەندین پێوەری جیهانیی شکاندووە. پڕۆژەکە لە چەندین بەشی گرنگ پێکهاتووە، لەوانە: هۆڵی سەرەکیی مزگەوت کە گەورەترین گومبەت و بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان لەخۆدەگرێت.

بەشێکی تری مزگەوتەکە بریتییە لە باخچە و دارستانی تایبەت کە زیاتر لە 1 ملیۆن دار و درەخت و گوڵ لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دروستکردنی گەورەترین شەلالی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان کە بە بەرزیی 48 مەتر دەرژێتە ناو دەریاچەیەکی دەستکرد لەناو مزگەوتەکەدا.

لە روانگەی ئەندازیاری و دیزاینەوە، بیرۆکەی ئەم مزگەوتە لەسەر بنەمای ناسنامەی کوردی و نەقش و نیگاری کوردەواری دامزراوە؛ باڵەخانەی سەرەکیی مزگەوتەکە لەسەر شێوازی "رەشماڵی کوردی" و باڵەخانەکانی تر لەسەر شێوازی "خێوەتی کوردی" دیزاین کراون.

بەشەکانی مزگەوت:

- هۆڵی سەرەکیی نوێژکردن: جێگەی 9,000 کەس دەبێت و لەسەر گردێکی دەستکرد دروست کراوە.

- هۆڵی بۆنە ئایینییەکان.

- گەورەترین کاتژمێری رۆژی.

- گەورەترین مافووری دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان.

- بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان.

- 4 منارە و بوونی بەرزکەرەوە (ئەسانسۆر) بۆ بینینی تەواوی شاری هەولێر.

- گەورەترین گومبەت لەسەر ئاستی جیهان.

- کتێبخانە و شوێنی گەورەترین ئەرشیفکردنی نووسراوە کوردی و ئایینییەکان.

- هۆڵی کۆنفرانس.

- مۆزەخانەی تایبەت بە مێژوو و دەستنووسی کوردی.

- قوتابخانەی ئایینی.

- هۆڵی نانخواردنی گشتی.

- هۆڵی تایبەت بە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان.

- گەورەترین شەلالی دەستکرد و دەریاچەی دەستکرد.

- گەورەترین پارک.

- بازاڕی تایبەت بە کەلوپەلی ئایینی و کوردی.

- شوێنی تایبەت بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل.