ههولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وردەکاریی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا) دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت کە لە ڕێککەوتنەکەدا بە تەواوی تایبەتمەندی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو گیراون.
دکتۆر سامی جەلال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "نزیکەی ۹۷٪ی کارەکانی ڕێککەوتنەکە لەسەر سیستەمی ئەسیکۆدا کۆتایی هاتووە، و ئەو بەشە کەمەی کە ماوەتەوە، پێویستی بە بڕیاری کۆتایی ئەنجومەنی وزاریی ئابووریی عێراق هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی."
ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ماوەی دوو ساڵ بوو گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەمبارەیەوە بەردەوام بوو، بەڵام هەرجارێک نزیکبوونەوە دەهاتە ئاراوە، ئاستەنگێک دروست دەبوو. د. سامی جەلال گوتی، "دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، وەرچەرخانێکی گرنگ لە دۆسیەکەدا دروست بوو. سەرۆکی حکوومەت خۆی ئەندازیاری ئەم ڕێککەوتنە بوو، بەردەوام چاودێری، بەدواداچوون و ڕێنمایی دەکردین کە چۆن مامەڵە بکەین بۆ ئەوەی سیستەمەکە بە جۆرێک جێبەجێ بکرێت کە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوسەنگ بکات و بنەما دەستوورییەکان بپارێزێت."
دکتۆر سامی جەلال وردەکاریی زیاتری خستە ڕوو و ڕایگەیاند کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، بەڕێوەبردنی گومرگەکان بە هاوبەشی دەبێت و پێناسەی گومرگیی عێراق جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بۆ هەر گۆڕانکارییەک دەبێت نوێنەری هەرێم بەشدار بێت، ئەمەش پاڵپشت بە ماددەی ١١٤ی دەستووری عێراق کە باسی دەسەڵاتی هاوبەش لە دەروازە سنوورییەکان دەکات.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی کۆمپانیاکان گوتی، "ئەو کۆمپانیا بیانیانەی دەیانەوێت بچنە ناو سیستەمەکەوە، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەرێمەوە خۆیان تۆمار دەکەن و پێویست ناکات سەردانی بەغدا بکەن و تەواوی فەرمانبەرانی گومرگی هەرێم یوزەرنەیم و پاسۆردی تایبەت بە خۆیان دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمەکە، و لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت. لە بەرامبەریشدا، داتاکانی تەواوی عێراق لای هەرێم بەردەست دەبن.
ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ باسی تەوەرەکانی تری ڕێککەوتنەی كرد و گوتی، "چەندین خاڵی گرنگی تر یەکلایی کراونەتەوە، لەوانە، بەڵگەنامەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم بڕواپێکراو دەبن و بڕیارەکانی لێخۆشبوون وەبەرهێنەرانی هەرێمیش دەگرێتەوە، ڕۆژژمێری کشتوکاڵی بۆ دیاریکردنی بەرهەمەکان بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وەزارەت ڕێکدەخرێت، تا چیتر ڕێگری لە گواستنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم بۆ ناوچەکانی تری عێراق نەکرێت، بەڵگەنامەکانی کەرتی پیشەسازی، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، و پشکنینەکانی کوالیتی کۆنتڕۆڵی هەرێم لە ناو سیستەمی ئەسیکۆدادا بە فەرمی دانیان پێدادەنرێت، مۆڵەت و دۆکیۆمێنتەکانی هاوردەکاران و ناردنکارانی هەرێم لە عێراق بڕواپێکراو دەبن.
سەبارەت بە دۆسیەی باج و داهاتە نانەوتییەکان، د. سامی جەلال ڕوونی کردەوە کە هەرێم داوای کردووە باجەکە لە دەروازەکان لە لایەن هەرێمەوە وەربگیرێت و داهاتە نانەوتییەکانیش بە ڕێژەی ٥٠% بۆ هەرێم و ٥٠% بۆ بەغدا دابەش بکرێت. ئەم خاڵە لەگەڵ پرسی لێخۆشبوونی گومرگی کە لە دەسەڵاتی وەزیری داراییدا بوو، جێهێڵدراون بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی وزاریی ئابووری یەکلایی بکرێنەوە.
لە کۆتاییدا، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردەوە کە دوای پەسەندکردنی خاڵە ماوەکان لە لایەن ئەنجومەنی ئابووری و دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە، ڕێککەوتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە پێشبینی دەکرێت تەواوی ئەم پڕۆسەیە لە ماوەی چوار مانگدا کۆتایی پێبێت.
بڵند ئیبراهیم