دهۆک-KDP.info- مام ئیسماعیل مشیر یونس، جووتیار و شارەزای کەشوهەوا و ورزەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک، ڕایگەیاند کە بەپێی حیساباتی کوردی لە ٢١ی حوزەیرانەوە وەرزی هاوین و گەرمای بەتین دەستپێدەکات، کە ئەمەش کاتی سەرەکیی پێگەیشتنی سەرجەم بەرهەمە کشتوکاڵییە هاوینەکانە لە هەرێمی کوردستان.
پەیوەست بە كەوتنە وەرزی هاوین كە ئەمڕۆش یەكەم ڕۆژی وەرزی هاوینە، مام ئیسماعیل وەكو جووتیار و شارەزایەكی کەشوهەوا و وەرزەکانیش، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بەپێی ئەو ئەزموون و حیساباتە دێرینەی پشتی پێ دەبەستین، لە ١٠ی ٦ەوە سەرەتای پێگەیشتنی بەرهەمەکانە، بەڵام لە ٢١ی ٦ هاوین بە فەرمی دەستپێدەکات و کاریگەریی گەرما زیاتر دەبێت. ئەمساڵ بەهۆی ڕێژەی زۆری بارانبارینەوە، وەرزی گەرما کەمێک دواکەوت، لە کاتێکدا لە ساڵانی وشکەساڵیدا هێشتا لە وەرزی بەهاردا گەرما زووتر دەستپێدەکات."
ئەو جوتیارە شارەزایە ئاماژەی بە کاتی چوونە ناو چلەی هاوینیش کرد و گوتی، "جووتیارانی ئێمە باش دەزانن هەر بەرهەمێک تاوەکو ٢٠ی ٦ پێ نەگات، ئیتر بەرهەمێکی سەرکەوتوو نابێت و دەبێتە بەرهەمی پایزی. لای ئێمە لە ٢٥ی ٦ چلەی هاوین دەستپێدەکات، کە ٤٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە ٥ی ئابدا کۆتایی دێت. لە ئێستاشدا زۆربەی بەرهەمە هاوینەکان پێگەیشتوون و لە بازاڕدا بەردەستن."
سەبارەت بە پێشبینییەکانی کەشوهەوا لە ڕابردوودا، مام ئیسماعیل ڕوونیکردەوە، "پێشتر کە ئامێری کەشناسی نەبوو، کەسانی بەتەمەن و شارەزا بەهۆی ئەزموونی سەر زەوی پێشبینییەکانیان دەکرد و زۆربەی جاریش ڕاست دەردەچوون. ئێستاش لەگەڵ دەستپێکی هاوین، کاتی پێگەیشتنی تەواوی بەرهەمەکان هاتووە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، مام ئیسماعیل باسی لە ئاسانکارییەکانی کەرتی کشتوکاڵ کرد و گوتی، "پێشتر کاری کشتوکاڵی زۆر قورس بوو، بەڵام ئێستا لەسایەی پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بازاڕ بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکان، کارەکە ئاسان بووە. ئەمەش وایکردووە خەڵکێکی زۆر بە دڵخۆشییەوە ڕوو لە کاری جووتیاری بکەنەوە، چونکە هەم بەرهەم زۆرە و هەمیش بازاڕی فرۆشتنی هەیە."
بڵند ئیبراهیم