Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێبەر ئەحمەد: دەرگای هەرێمی کوردستان هەمیشە بە کراوەیی بۆ لێقەوماوان دەمێنێتەوە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چەندین دەیە پەناگەیەکی ئارام و مێژوویی بووە بۆ لێقەوماوان، جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەڕای قەیرانی دارایی، حکوومەت بەردەوام بووە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و داوای لە حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتییەکانیان لە ئەستۆ بگرن.

ئەمڕۆ شەممە ٢٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی پەنابەران، ئاماژەی بەوە کرد لەم ڕۆژەدا، تەنیا وەک ژمارە تەماشای ئاوارەکان ناکەن، بەڵکو رێز لە رۆحی مرۆیی و ئازایەتیی ئەو ملیۆنان کەسە دەگرن کە بەھۆی ستەم و تیرۆرەوە ماڵەکانیان جێھێشتووە.

ناوبراو ڕایشیگەیاند: "بۆ چەندین دەیە، ھەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی جوگرافیی ئارام و شوێنێکی شکۆمەندانە بۆ ھەموو ئەوانەی لە چەوسانەوە ھەڵاتوون."

وەزیری ناوخۆ ئاشکرای کرد، ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢.٥ ملیۆن ئاوارە و پەنابەری لەخۆگرتبوو، ئەم کارە لەژێر سەرپەرشتی و ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە، کە ھەموو دامەزراوەکان و تواناکانیان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی ھیچ پەنابەرێک بێ ھیوا نەبێت.

رێبەر ئەحمەد باسی لەوەش کرد، ھەرێمی کوردستان سەرەڕای تەواوی ئاڵنگارییەکان، ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارەی لەخۆ گرتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ھاوکاری نێودەوڵەتی کەمی کردووە، بۆیە فشارێکی زۆری خستووەتە سەر کەرتی پەروەردە و تەندروستی حکوومەت.

ھەروەھا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە سیستەمێکی تۆمارکردنی ھەمەلایەنەیان بۆ ئاوارەکان پەیڕەو کردووە کە ھاوتایە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئاسانکارییەکی بۆ ئاوارەکان کردووە بۆ خێرا دەستگەیشتن بە پێداویستییە سەرەکییەکان، ھاوکات ستایشی ڕۆڵی "دەزگای خێرخوازیی بارزانی" کرد لە ھاوکاریکردنی ئاوارەکان لە ناو کەمپەکاندا.

رێبەر ئەحمەد داوای لە حکوومەتی نوێی عێراق کرد کە پابەندی بەڵێنەکانی بێت و بودجەی پێویست بۆ چارەسەری کێشەی ئاوارەکان تەرخان بکات. ھەروەھا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئاستی ھاوکارییەکانیان کەم نەکەنەوە، بەڵکو وەبەرھێنان لە بەھێزکردنی توانای بەرگریی ئاوارەکاندا بکەن، چونکە ئەرکی مرۆیی دەبێت ھاوبەش بێت و تەنیا لەسەر شانی کۆمەڵگەی خانەخوێ نەبێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ سەرنجی خستە سەر کارەساتی شنگال و ڕایگەیاند: "دوای چەندین ساڵ لە جینۆسایدی ئێزیدییەکان، ھێشتا رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە." جەختی کردەوە کە پێویستە ئاوارەکان بە شکۆمەندییەوە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە بۆ ناوچەکانیان دابین بکرێت.

رێبەر ئەحمەد دووپاتی کردەوە کە دەرگاکانی ھەرێمی کوردستان بە کراوەیی دەمێننەوە بۆ ھەموو ئەوانەی بەدوای ئارامی و سەلامەتیدا دەگەڕێن و حکوومەتی ھەرێم لەسەر ئەم پەیامە مرۆییەی خۆی بەردەوام دەبێت.