ھەولێر-KDP.info- بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسیی پارتى دیموکراتى کوردستان پێشوازى لە شاندێکى باڵاى پارێزگاى بەغدا کرد و لە دیدارەکەدا گۆڕانکاریی و ئاڵنگاریەکانى قۆناغەکە و، پلان و بەرنامەى پارتى بۆ داهاتووى کار و ئامادەیى بەردەوام لە بەغدا و پشتگیریکردنى کابینەى بەرێز عەلى زەیدى خرانە بەر باس.
ئهمڕۆ، شەممە ڕێکەوتى ٢٠ی حوزەیرانى ٢٠٢٦، شاندێکى باڵاى پارێزگاى بەغدا بە سەرۆکایەتى بەڕێز (عەتوان عەتوانى) پارێزگارى شارەکە سەردانى مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانى له پیرمام کرد و، لە لایەن بەڕێز (فازڵ میرانی) بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسی پارتى پێشوازییان لێکرا.
لهدیدارەکەدا، کە هەڤاڵان هۆشیار زێبارى و مەحموود محەمەد ئەندامانى دەستەى کارگێری و، هەڤاڵ عبدالمهیمن بارزانى ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى و ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر ئامادەی بوون، پارێزگاری بەغدا و شاندی یاوەری سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرم و برایانەی کرد کە لەم سەردانەیاندا لەسەر ئاستە جیاجیاکان لێیانکراوە و ستایشتی پێشکەوتن و ئەزموونی هەولێر و هەرێمی کوردستانیان کرد کە جێگای خۆشحاڵی و سوود لێوەرگرتنە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش. دواتر جەخت لە گرنگى بەهێزکردنى پەیوەندى و هەماهەنگى نێوان دامەزراوەکان و پارێزگاکان کرایەوە، کە ئەمەش کاریگەرى ئەرێنى دەبێت بۆ نزیکى خەڵک و بەهێزترکردنى پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرییەکان. لەم سۆنگەوە ئەم سەردانەى شاندى پارێزگاى بەغدا بە هەنگاوێکى گرنگ و پێویست زانرا.
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا گۆڕانکاریی و ئاڵنگاریەکانى قۆناغەکە و، پلان و بەرنامەى پارتى بۆ داهاتووى کار و ئامادەیى بەردەوام لە بەغدا و پشتگیریکردنى کابینەى بەرێز عەلى زەیدى خرانە بەر باس و، هەماهەنگى و گفتوگۆى بەردەوامى نێوان لایەنە سیاسییەکان و بەهێزى پەیوەندی نێوان خەڵک و سەرجەم پێکهاتەکان بە زەرورەت زانرا لە پێناو حکومڕانییەکى باش و سەقامگیرىى عێراق، هەروەها جەخت لە پاراستنى بنەماکانى بنیاتنانەوەى عێراقى نوێ کرایەوە بە بەشدارى سەرجەم پێکهاتەکان کە ئەمەش لە بەرژەوەندى وڵات و پێکهاتەکان و هاووڵاتیان و چەسپاندنى پێکەوەژیان و پڕۆسەى دیموکراسی دایە.
لە کۆتاییدا، پشتگیرى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ ئەنجامدانى کۆنگرەى سەرجەم پارێزگاکانى عێراق کە وابریارە لە داهاتوویەکى نزیکدا ئەنجامبدرێت خرایەڕوو بەئومێدى گرتنەبەرى ئاراستەیەکى دروست و بێ جیاوازى لە خزمەتکردنى هاووڵاتیان و پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزاریی لەلایەن پارێزگا و دامەزراوەکانى دەوڵەت.
