Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خانی بۆ KDP.info: ئەمساڵ پڕخێر بوو.. شەش بەنداوی نوێ لە قۆناغی جێبەجێکردندان

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەھۆی بارانبارینی زۆری ئەمساڵەوە، ڕێژەی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکاندا ١٥٪ زیادی کردووە و ئەمەش ناوچەکانی لە مەترسیی لافاو پاراستووە. ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات کە لە ئێستادا پڕۆسەی دروستکردنی شەش بەنداوی نوێ لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و کارکردن تێیاندا بەردەوامە.

ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ ساڵێکی باراناوی و پڕخێر بووە، بەو ھۆیەشەوە توانراوە بڕێکی زۆر و دڵخۆشکەر لە ئاو لە بەنداوەکاندا کۆبکرێتەوە، گلدانەوەی ئاو ١٥٪ زیادی کردووە و ئەم بەنداوانەش ڕۆڵێکی سەرەکییان ھەبووە لە دوورخستنەوەی مەترسیی لافاو لەسەر چەندین ناوچەی جیاجیا.

سەبارەت بە پڕۆژە نوێیەکانیش، ناوبراو ئاشکرای کرد کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی بەردەوامی ھەیە بۆ دروستکردنی بەنداو و پۆندی نوێ، لە ئێستادا ١٢ بەنداو لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، بەڵام بەھۆی ئاستەنگ و دۆخی نالەباری داراییەوە، تەنیا کارکردن لە شەش بەنداویاندا بەردەوامە بۆ ئەوەی بە زوویی تەواو بکرێن، لە کاتێکدا کارەکانی شەش بەنداوەکەی تر بە کاتی وەستاون.

لە کۆتاییدا، خانی جەختی لەوە کردەوە کە ھێنانەدی تەواوی پلانەکانیان گرێدراوی دابینکردنی بوودجەی پێویستە، و ھەر کاتێک دۆخی دارایی هەرێم ڕووی لە باشبوون کرد، دەستبەجێ دەست بە تەواوکردنی پڕۆژە وەستاوەکان دەکرێتەوە.

 

بڵند ئیبراهیم