ھەولێر-KDP. info- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.6.18، لە ڕێورەسمێکدا، بە ئامادەبوونی بەڕێز سیداد بارزانی، نوێنەری جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، و کونسوڵ و نێردەی وڵاتان، پەردە لەسەر پەیکەری سەرۆک و جەنەڕاڵی ناوداری فەڕەنسی شارل دو گۆل لادرا.
لەڕێورەسمەکەدا تیشک خرایە سەر وێستگە مێژووییەکانی ژیانی ئەم سەرکردەیە و پێوەندییە دێرینەکانی لەگەڵ ڕێبەری نەتەوەیی کورد " بارزانی نەمر " و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و تیشک خرایە سەر دەقی ئەو نامە گرنگ و مێژووییەی کە ڕێبەری نەتەوەییمان " مستەفا بارزانی نەمر " لە ساڵی 1968دا ئاراستەی جەنەڕاڵ دو گۆلی کردبوو و ئەو مێژووە بەرز ڕاگیرا و ئەو هەنگاوەش وەک قۆناغێکی نوێیە لە بەهێزکردنی پێوەندییە فەرهەنگی و دیپلۆماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی فەڕەنسا، کە هەمیشە پاڵپشتێکی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بووە هەژمارکرا.
جگەی باسە، ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن دەزگای ڕوانگە بەهەماهەنگی کونسوڵخانەی گشتیی فەڕەنسا و پەیمانگای فەڕەنسی لە هەولێر ڕێکخرابوو.