Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی (ئەنەکەسە) کۆبووەوە

ھەولێر-KDP. info-  نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/6/18، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا، دۆخی گشتیی ناوچەکە، دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سووریا، بارودۆخی کورد و ناوچە کوردییەکان لەو وڵاتە، لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایییەی ئەنجومەنی گەل له‌ سووریا تاوتوێ کران.

هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەشداریی کورد لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوە سیاسی، تەشریعی و کارگێڕییەکانی سووریادا کردەوە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ مسۆگەرکردنی مافە ڕەواکانیان.

لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر ڕۆڵ و ئامادەییی کاریگەری (ئەنەکەسە) و گرنگیی یەکهەڵوێستیی کورد لە سووریا و بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکگەیشتنی نێوان سەرجەم لایەنە کوردییەکان کردەوە.

هه‌روه‌ها هاندەر بوو بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق، لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کێشە سیاسییە هەڵپەسێردراوەکان، بەو شێوەیەی کە ئاسایش و سەقامگیری بپارێزێت.

لای خۆیەوە، شاندی میوان کورتەیەکیان دەربارەی چالاکی و هەوڵە سیاسییەکانی ئەنجومەنەکە خستە ڕوو، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پشتگیریی بەردەوامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستان بۆ کورد لە سووریا دەربڕی.

مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و جموجووڵەکانی ئەم دوایییەی لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لەمباره‌یه‌وه‌، تیشک خرایە سەر سەردانی ئەم دوایییەی بەڕێز تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەى هاوبەشی لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و به‌ڕێز مەزڵووم عەبدی، کە تیایدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرایه‌وه‌.