ئامێدی-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٨ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئامێدی ڕایدەگەیەنێت، ماوەیەکە ڕەوشی ئەمنی لەسەر سنوور جێگیرتر بووە و کار بۆ گەرەنتییکردنی زیاتری ئارامیی ناوچەکە دەکرێت، ئاشکراشی دەکات کە لە قۆناغی داھاتوودا دەستی ئاوەدانی دەگەیەنرێتە ئەو گوندانەی پێشتر بەھۆی ئاڵۆزییەکانەوە خاپوور کراون.
بەھرام عەریف یاسین، بەرپرسی لقی ١٨ی ئامێدی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "ماوەیەکە بەھۆی جێگیرکردنی خاڵە سنوورییەکان، ڕەوشی ئەمینی لە گوندەکانی دەڤەری ئامێدی ئارامیی بەخۆیەوە بینیوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، وەزیری ناوخۆ بە یاوەری فەرماندەی زێرەڤانی سەردانی دەڤەرەکەی کرد و پێداچوونەوە بە خاڵەکانی ھێزی پێشمەرگە یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکییەکان، چونکە حکوومەتی ھەرێم دەیەوێت ھێشتا گەرەنتیی زیاتری ئەمنی بداتە ھاووڵاتیانی ناوچەکە."
بەرپرسی لقی ١٨ی ئامێدی دەشڵێت، "ژمارەیەکی بەرچاوی گوندەکانی ئامێدی لەدوای ڕاپەڕینەوە بەھۆی ئالۆزیەکانی سەر سنوور ئاوەدان نەکراونەتەوە و گوندنشینان بێبەش ببوون، بەڵام ئێستا بەھۆی دابینکردنی ئەمنیەتەوە، ژمارەیەکی زۆری خەڵک دەتوانن سەردانی گوندەکانیان بکەن و سوود لە بەرھەمی کشتوکاڵ و داھاتی زەوییەکانیان وەربگرن."
سەبارەت بە ھەنگاوەکانی داھاتووی حکوومەت، ناوبراو ئاماژەی بەم خاڵانە دا و گوتی، "لە قۆناغی داھاتوودا ڕێگەوبان بۆ ئەو گوندانە دروست دەکرێت کە کێشەی ھاتوچۆیان ھەیە، پلانی حکوومەتی ھەرێم ئەوەیە خزمەتگوزاری بگەیەنێتە گوندە خاپوورکراوەکان بۆ ئەوەی دووبارە ئاوەدان بکرێنەوە، چونکە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی گشتگیری گوندەکان پێویستی بە کات و وردەکاریی زیاتر ھەیە.
بەھرام عەریف یاسین تیشکی خستە سەر بەشێکی دیکەی سەردانەکەی شاندی حکوومەت و گوتی، "وەزیری ناوخۆ سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێی کرد لە قەزای ئامێدی، دوای بەدواداچوونی کێشەکان، ئیدارەی دەروازەکە ھەندێک داواکارییان ھەبوو کە دەستبەجێ وەزیری ناوخۆ فەرمانی بە جێبەجێکردنیان کرد."
لە کۆتاییدا، بەھرام عەریف یاسین گەشبینیی خۆی نیشان دا و جەختی کردەوە، "خۆشبەختانە ھێزی پێشمەرگە توانیویەتی کۆنتڕۆڵی ڕەوشی ئەمنی ناوچەکە بکات و لە داھاتووشدا بەرنامە و پلانی زیاتر بۆ خزمەتکردنی ئەو دەڤەرە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە."
قائید میرۆ