فازڵ میرانی
بەرگەمان گرتووە و ھێشتاش بەرگە دەگرین، چ لەو فشارانەی کە لۆژیکین و چ لەوانەش کە ھیچ بنەمایەکی لۆژیکی و ڕاستییان تێدا نییە. بە درێژایی سەدە و دەیان ساڵ بەرگەی فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانمان گرتووە، فشارەکان تا ئێستاش تێکەڵەیەک بوون لەو فشارانەی کە ئاراستەی گەلەکەمان کراون و ئەوانەشی کە ئاراستەی باڵە دڵسۆزەکەی بزووتنەوەی کوردی کراون. ئەمەش بەھۆی ھەڵەسەنگاندنی نادروست لەلایەن ھەردوو جەمسەرەوە، جەمسەرێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کە ھیچ کاتێک پێش بەرژەوەندییەکانی خۆی، خۆی بە دۆزی گەلانەوە سەرقاڵ نەکردووە، جەمسەرەکەی تریش کە درک بە بایەخپێدانەکانی جەمسەری یەکەم دەکات و ئەوە پێشکەش دەکات کە بەشێک لە بەرژەوەندییەکانی ئەو جەمسەرە دەستەبەر بکات.
ئەو ھاوکێشە سەختە، وایکردووە فشارە ئەمنی و سەربازییەکان و شێواندنی میدیایی، قەبارەی بەرپرسیارێتییەکانمان قورستر بکەن، چونکە ئێمە درک بە دوو پرس دەکەین:
یەکەمیان ئامانجی دوژمن، کە بنبڕکردنی ئێمەیە تا بتوانێت بپەرژێتە سەر گەلەکەمان و لەناویاندا بتوێنێتەوە، دووەمیش درککردنە بە سروشتی بەرپرسیارێتییەکانی خۆمان، کە بەرپرسیارێتییەکن لە سەرووی ئاستە سیاسییە باوەکانەوە، پێویستیان بە ئاستێکی بەرزی تێگەیشتن ھەیە لە سەرجەم ڕەھەندەکانی ململانێکە، پاڵنەرەکانی نەیاران و نەخشەکانی دوژمن. ھەروەھا پێویستی بە ئاستێکی بەرزی تێگەیشتن ھەیە لەو ھۆکارە کاریگەرانەی لەناو کۆمەڵگەدا بەکارخراون، لە بیروباوەڕ، کولتوور، ھونەر وتەنانەت کاروبارەکانی پەیوەست بە بژێوی ژیانەوە.
خەبات و تێکۆشان بە مانا وەسفییەکەی و بە ھەموو پاکژییەکەیەوە، کارێکی ئاسان نییە، بە ھەمان شێوە پاراستنی بە پاکی لەبەردەم ھەوراز و نشێوی دەستکەوت و شکستەکاندا کارێکی سانا نییە، چونکە زۆر کەس بەھۆی لاوازیی ناوخۆیی خۆیان یان بەھێزیی دوژمنەکەیانەوە، ڕەنگە دەستبەرداری ئەرکەکانیان ببن ـ وەک چۆن لە ڕابردووشدا ڕووی داوە، جا ئەمەش لە ترسا بێت، یان بەھۆی نەتوانینی ھاوشانبوون، یاخوود لەبەر ھۆکاری تایبەتی و خودی.
پرسی خەباتی سیاسی کە بە گەیشتن بە دەسەڵات لووتکە وەردەگرێت، فاکتەرێکە بۆ دەرخستنی ئاراستە و ئامادەیی ئەو ئەقڵە سیاسییەی کە دەسەڵاتی بەدەستھێناوە، ھەروەھا دەرخەری ئەوەیە کە بەرنامەی کارەکەی چۆن دەبێت، کە لە پێناویدا ئەو ھەموو ھەوڵ و قوربانییەی داوە. لەلایەکی ترەوە، یەکێک لە فشارەکان بریتییە لە ڕێکخستنەوەی بارودۆخەکان لەگەڵ ئەو توێژەی لایەنگری دەسەڵاتی پێشوو بوون، نەھێشتنی ئەوەی کە فەرمانڕەوایی ببێتە ھۆکارێک بۆ تۆڵەسەندنەوەی کەسی یان دەروازەیەک بۆ دوژمنکارییەک کە ڕەوتی کارەکان دوابخات، یان ڕێڕەوەکەی بەرەو وێرانکارییەک بگۆڕێت کە تەواوکەری وێرانکارییەکەی پێشوو بێت.
بەرگەی ئەو فشارانەمان گرت کە دەرئەنجامەکەی لەسێدارەدانی کەسوکارمان بوو، ھەروەھا تێکدانی ژیانی ئەوانەی بە زیندوویی مانەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری و فیکرییەوە. ئەرکی سەرشانمان بوو کە بەرپرسیارێتیی نوێ بگرینە ئەستۆ، کە بریتی بوو لە چاککردنەوەی ھەڵەکانی ئەو لایەنانەی تری کە لەسەر کورسی دەسەڵات بوون، یان نەھێشتنیان، یاخود بێدەنگبوون لە ئاست بەشێک لە پاشماوەکانیان، ئەمەش بە واتای دووقاتبوونی بارگرانییەکان بوو، لەگەڵ گرتنەبەری ھەمان شێواز بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە دەرەکییەکانی پەیوەست بە پڕۆژە سیاسییە حاکمەکەوە.
ھۆکاری سەرەکیی ھەموو ئەمانەش، لە بنەڕەتدا گواستنەوە و ھاتوچۆ بوو لە نێوان دوو ئەقڵییەتی حوکمڕاندا، یەکێکیان بە ئەنقەست زیانی دەگەیاند، ئەوی تریشیان بەھۆی ملھوڕی و دانپێدانەنانی بە نەزانینی لە حوکمڕانیدا، بووە ھۆی زیان گەیاندن. ملیۆنان عێراقی و سەرجەم پێکھاتەکان، لەوانەش کورد و کوردستانییەکان، تەنانەت غەیرە عێراقییەکانیش، لە ڕابردوو و ئێستادا ناڵاندوویانە و بەرگەی بارگرانی و فشاری زۆریان گرتووە بەھۆی ئەوانەی کە حوکمڕانی بە تێرکردنی ئارەزووەکانیان دەبینن.
دۆزی ئێمە نەدەجوڵا و پێش نەدەکەوت ئەگەر ئێمە وەک تیمی سیاسیی کوردستانی، تەنیا بە گڵەیی و گازندە و دەستنیشانکردنی تاوانبارانی مافەکانمان بوەستاینایە، بەڵکوو بەھۆی کارکردنی سەخت و تاقەتپڕووکێن بوو کە ئەم واقیعە بەدی ھات، کە تا ئێستاش لە ھەموولایەکەوە ڕووبەڕووی شەڕ دەبێتەوە، ئەم واقیعەش نەدەما و خۆڕاگر نەدەبوو ئەگەر ئەو توانای خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنەمان نەبووایە کە وەک قەڵغانێک بەکارمان ھێنا، بۆ ئەوەی بە دوای ھەڵچوونی بەپەلە و چارەسەرە سەرپێیی و کاتییە بێسوودەکاندا نەکەوین، کە ئەگەر پەیڕەومان بکردایە، پەککەوتنی گشتیی لێ دەکەوتەوە، کە ئەمەش ھەمان ئەو شتەیە کە زۆرێک لە دوژمنان دەیانەوێت.
ئێمە بەرگەی ھەموو جۆرەکانی ئازار دەگرین، بۆ ئەوەی گەڕەکانی ململانێ بە شکستگەلێک کۆتایی نەیەن کە ببنە قازانج بۆ بازرگانانی سیاسەت و سوودمەندەکانی، ئەوانەی کە بەشێکیان بۆ ھەر سەردەم و کاتێک ڕوخسار و ھەستێکی جیاوازیان ھەیە و تەنیا خەمی خۆیانیانە، تەنانەت ئەگەر باجەکەش نەتەوەیەک بێت بە تەواوی.
ئارام دەگرین، ئاراممان گرتووە و خۆڕاگر بووین لەسەر ئازاری نزیک و دوورەکان، تا ئەو ڕۆژە دێت ـ کە بەشێکی زۆری خۆری ئەو ڕۆژە پێشتر ھەڵاتووە ـ کاتێک کە قوتابییەک لە پۆلەکەیدا دادەنیشێت بۆ ئەوەی پیتێک فێربێت، کاتێک بنکەیەک بۆ چارەسەر و یەکێکی تر بۆ زانکۆ بنیاد دەنرێت، و ئەفسەرێکیش لە شوێنی خۆیدا دەبێتە پارێزەرێکی ئەمین بۆ ژیانی خەڵک. بەبێ ئەو ئارامگری و بەرگەگرتنە، بێگومان شێواوی و پشێوی ڕووی دەدا، و زیانەکەش گەورەتر، گشتگیرتر و ھەمیشەیی دەبوو.
ھیوادارین ئەو ئەقڵەی کە خراپەی کردووە و ھێشتاش بەردەوامە لەسەر خراپەکاری، ھۆشیار بێتەوە ئەگەرچی بە درەنگیش بێت، چیتر واز لە تاقیکردنەوەی ئارامگری و توانای بەرگەگرتنمان بھێنێت بەو خۆڕاگرییەی کە ئێمە تێیدا کارامەین، لە کاتێکدا کەسانی تر تەنیا لە وێرانکاری و ئازارداندا شارەزان.