Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا دەكات

ھەولێر-KDP. info-  پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا كرد.

لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆك ترامپ بە سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشاندا و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە هەبوو. جەختیشی لەوە كردەوە كە عێراق و ناوچەكە پێویستی بە سەقامگیری هەیە و لەوەشدا هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگ و جێی بایەخی لە ئێستا و ئایندەدا هەیە. هەروەها سەرسامیی خۆیشی بە گەشە و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەربڕی و بە نموونەیی وەسفیكرد.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هەرێمی كوردستان هەردەم فاكتەری سەقامگیری بووە و لەگەڵ دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی بووە بۆ  سەرجەم كێشەكانی عێراق و ناوچەكە. هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لە كێشەكان بەڵام بەناهەق پریشكی شەڕ و ناكۆكییەكانی ناوچەكەی بەركەوتووە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێكی سەقامگیر و خوشگوزەرانی بۆ دانیشتوانەكەی بڕوات.

لە تەوەرێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر گرنگیی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی نوێی عێراق و، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا باسی لە پێویستیی سەقامگیركردن و پاراستنی سیستەمی سیاسیی عێراق و پاراستنی ڕۆڵی دەوڵەت لە كۆنتڕۆڵكردنی هێزە چەكدارە ناڕەسمییەكان كرد و پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دووپات كردەوە لە پڕۆسەی داماڵینی چەك لەدەستی میلیشیات و هاتنەوەی بۆ ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عێراق. سەبارەت بە حكوومەتی نوێی عێراق، سەرۆك بارزانی وێڕای جەختكردنەوە لە پاڵپشتیكردنی بەڕێز عەلی زەیدی، ئەوەی خستەڕوو پێویستە هەموو لایەك پەند لە هەڵەكانی ڕابردوو وەرگرن و لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا كار بكرێت.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و هاوكێشەكانی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەورەها هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێكەوە كار لەسەر كۆمەڵێك ئەولەوییەتی هاوبەش بكەن بۆ سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان و بنیاتنانی دۆستایەتیی ستراتیژیی درێژخایەن لەڕووی ئابووری و برەودان بە وەبەرهێنان.