Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و نێردەی تایبەتی سه‌رۆك ترەمپ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن

ھەولێر-KDP. info-  پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/6/16، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز تۆم باراک، نێردەی تایبەتی به‌ڕێز دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا بۆ کاروباری عێراق و سووریا کرد.

لە كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران. له‌مباره‌یه‌وه‌ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا پشتگیریی بەهێزی وڵاتەکەی بۆ حکوومەتی نوێی عێراق دووپات کردەوە، هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە.

لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لە پشتگیریى هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی بەڕێز عەلی ئەلزەیدی و چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، بەتایبەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای دەستوور، کردەوە.

هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر گرنگیى گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی هاوسەنگ و درێژخایەن، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوولا بگەیەنێت.

دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو. تیایدا ستایشى ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێرانیان بۆ کۆتاییهێنان به‌ شەڕ کرد و هیوایان خواست ببێتە هۆکاری هێنانەدیی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا.