هەولێر-KDP.info- وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاتنی سەرۆکی گەورەترین کەنیسەی عێراق و جیهان بۆ کوردستان، نامەیەکی ڕوونە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە هەرێمەکەمان هەمیشە لانکەی دڵنیای پێكەوەژیانە، ئانۆ جەوهەر جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی حیکمەتی سەرکردایەتیی سیاسی و بەتایبەت جەنابی سەرۆک بارزانی، ئێستا مەسیحییەکان لە کوردستان هەم کەرامەتیان پارێزراوە و هەم وەک هاووڵاتیی نمرە یەک تەماشا دەکرێن.
پەیوەست بە هاتنی سەرۆکی گەورەترین کەنیسەی عێراق و جیهان بۆ کوردستان، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''هاتنی سەرۆکی گەورەترین کەنیسەی عێراق و جیهان بۆ هەرێمی کوردستان، نیشانەی ئەوەیە کە ئێرە هەمیشە شوێنی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.
ئانۆ جەوهەر گوتیشی، ''گرنگیی سەردانی پاتریارکی نوێی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان بۆ هەولێر و عەنکاوە وەک یەکەم وێستگە، نیشاندەری پێگەی گرنگی هەرێمە، چونکە عەنکاوە گەورەترین کۆبوونەوەی کلدانییەکانی تێدایە. پێشتریش کاتێک سەرۆک بارزانی سەردانی ڤاتیکانی کرد، سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان سێ جار جەختی لەوە کردەوە کە (عەنکاوە ڤاتیکانی عێراقە). ئێستا ٨٠٪ی مەسیحییەکانی عێراق لە کوردستانن، ئەمەش بەهۆی ئەو کەشە ئارام و فرەڕەنگییەیە کە بە حیکمەتی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و لەسەرووی هەموویانەوە جەنابی سەرۆک بارزانی بەدی هاتووە. بۆ نموونە عەنکاوە لە سەردەمی ڕاپەڕیندا تەنیا دوو کەنیسەی تێدا بوو، بەڵام ئێستا خاوەنی ١٧ کەنیسە، زانکۆی کاسۆلیکی و چەندین قوتابخانەیە.
ئانۆ جەوهەر گوتیشی، ''مەسیحییەکان لەژێر سهركردایهتیی سهرۆك بارزانیدا ههست به ئارامیی تەواو دهكهن، كهرامهتیان پارێزراوه و هاووڵاتیی نمره یهکن، هیچ جیاوازییەک لە نێوان پێکهاتەکاندا نییە. ئێمە هەموو هاوخاکین، خوێنمان بۆ ئەم نیشتمانە ڕشتووە، لە کاتێکدا لە شوێنەکانی دیکە مەسیحییەکان وەک نمرە دوو و سێ تەماشا دەکرێن، لێرە ئێمە ئامادەین هەمیشە بەرگری لە خاکەکەمان بکەین.
وەزیری گواستنەوە لە کۆتاییدا ئاماژەی بە هەنگاوەکانی حکوومەت دا و گوتی، ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی بێپایان بە پێکهاتەکان دەدات، لە کابینەی نۆیەمدا بۆ یەکەمجار وەزارەتێک بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەستنیشانکرا، وەزارەتی ئەوقافیش چەندین کەنیسەی نوێی دروست کردووە و پەرستگاکان نۆژەن دەکاتەوە. هەروەها کار لەسەر پەرەپێدانی گوتاری ئایینیی میانڕەو دەکرێت. ئێستاش گەورەترین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە عەنکاوە بە بڕی زیاتر لە ٧٠٠ شووقە بۆ گەنجانی مەسیحی دروست دەکرێت تا لەسەر خاکی خۆیان بمێننەوە. عەنکاوە بووەتە تاکە شوێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لەبری کۆچکردن بۆ دەرەوە، خەڵکی لە دەرەوە ڕووی تێدەکەن بۆ ئەوەی تێیدا بژین.
بڵند ئیبراهیم