ھەولێر-KDP.info- پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، دکتۆر ھێمن ھەورامی، بەرپرسی بەشی ڕێکخستن و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستانی کرد. لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، بەڕێزیان بەشداربوو لە خولی (سەرکردەی گۆڕانکار) کە بۆ ژمارەیەک لە کادیرانی پێشکەوتووی ئاستی زانکۆکانی سنووری پارێزگای ھەولێر ڕێکخرابوو و بابەتێکی گرنگی لەژێر ناونیشانی (ڕێکخستنی ئۆرگان و تیۆرەکانی سەرکردایەتی) پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
دکتۆر ھێمن ھەورامی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پێشوازی گەرمی سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان و لاوان، بە چڕی و وردی تیشکی خستە سەر ئەم تەوەرە سەرەکییانە، چۆنیەتی داڕشتنی پلان و شێوازی ھەڵسەنگاندنی زانستی بۆ کارەکانی ئۆرگان و ناساندنی خەسڵەت و تیۆرە ھاوچەرخەکانی سەرکردایەتی و چەمکی بەرپرسیارێتی و ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی لاوان و قوتابیان لە پرۆسەی سەرکردەسازی و پێگەیاندنی کادیری ھۆشیار بۆ پاشەڕۆژ.
لە کۆتاییدا، بابەتەکە بە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ کادیرانی بەشداربوو دەوڵەمەنتر کرا، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی کارامەیی و توانای بەڕێوەبردنیان لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا.

