Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هیوا ئەحمەد مستەفا پێشوازی لە شاندێکی وەرزشیی یەکێتی لە کەرکووک دەکات

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی وەرزشیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرد و لە دیدارەکەدا هیوا ئەحمەد مستەفا سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکات بۆ پاڵپشتیی کەرتی وەرزش، هاوکات داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات بەدەم دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانییەوە بچن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، و هەردوولاش جەخت لەسەر خزمەتکردنی وەرزشی کەرکووک بەبێ جیاوازی دەکەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، لە شاری کەرکووک، هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی بۆردی وەرزشیی مەکتەب، پێشوازیی لە شاندێکی وەرزشیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە پێکهاتبوو لە بەڕێز مامە ڕەزا، بەرپرسی بۆردی وەرزشیی یەکێتی و شاندی یاوەری.

له‌ دوای دیدارەکە، هیوا ئەحمەد مستەفا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی جەنابی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ پاڵپشتی و پشتگیریی بەردەوامی لە کەرتی وەرزش و وەرزشەوانان.

هەروەها بەڕێزیان داوای لە تەواوی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کرد، کە هەرچی زووە بەدەم دەستپێشخەرییەکەی جەنابی سەرۆک بارزانییەوە بچن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، چونکە پەرلەمان بەرهەمی خوێنی پاکی شەهیدانی سەربەرزی کوردستانە.

لە کۆتاییدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی دوولایەنە و پشتگیریکردنی وەرزشی کەرکووک کردەوە، بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتری سەرجەم بوارە وەرزشییەکان بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی لە شاری کەرکووکدا.