Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە پاتریارک مار پۆڵسى سێیه‌م نۆنا دەکات

هەولێر-KDP.info- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٦/٦/١٥، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەردانی کاتێدراڵی مار یووسفی کلدانی لە عەینکاوە کرد و لەلایەن جەنابی پاتریارک مار پۆڵسی سێیەم نۆنا، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی‌ لە عێراق و جیھان و ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی مەسیحییەوە پێشوازیی لێکرا.

لە دیدارێکدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وێڕای بەگەر‌می بەخێرھێنانی بۆ ھەولێر، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی جەنابی پارتریارک بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی و پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لێکرد، ھەروەھا ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ھەموو ھاوکاری و پشتگیرییەکی بۆ خۆیان و کەنیسەکەیان دووپات کردەوە.

بەڕێزیان جەختی لەوە کردەوە کە ھاووڵاتییانی مەسیحی پێکھاتەیەکی ڕەسەن و گرنگی گەلی کوردستان و عێراقن و ڕۆڵی دیاریان لە مێژوو، ئێستا و داھاتووی وڵاتدا ھەیە. ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە بە لانکەی ئارامی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن بۆ تەواوی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی دەمێنێتەوە.

لای خۆیەوە، جەنابی پاتریارک سوپاس و پێزانینی بۆ سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ کەنیسەکەیان دەربڕی و ستایشی ڕۆڵی مرۆیی و مێژووییی ھەرێمی کوردستانی کرد لە پێشوازیکردن و داڵدەدانی مەسیحییەکان و پێکھاتەکانی دیکە لە کاتی ھێرشەکانی داعشدا، ھەروەھا کەشی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ھەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند.

دۆخی مەسیحییەکان لە عێراق و ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە تیایدا ژمارەیەک لە وەزیران و بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون.