Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی فیدراڵ دەکات

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی سەربازیی عێراقی فیدراڵ كرد كە بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق كە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.

لەو كۆبوونەوەیەدا سوپاسالاری عێراق، ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو و تێیدا ئەوەی ڕاگەیاندووە کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و بۆ بەدواداچوونی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و بە تایبەتی نەهێشتن و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی سەر کۆمپانیا نەوتییەکان و بەئامانجگرتنیان، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.

لە لایەن خۆشیەوە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەدواداچوونی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و دڵنیاییدانی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دەربڕی و هەموو پشتیوانییەکی لەمبارەیەوە نیشان دا و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و ئاڵنگارییە ئەمنی و سەربازییەکان کردەوە.