Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شیرین زەکی بۆ KDP.info: فیدراسیۆنەکەمان دەنگی یەکگرتووی ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستانە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، لە ساڵیادی دامەزراندنی فیدراسیۆنەکەدا دەڵێت، توانیویانە لە کاتێکی کورتدا تۆڕێکی بێسنوور لە نێوان ژنانی کورد لە سەرانسەری جیهاندا دروست بكەن، شیرین زەکی جندی جەختیش دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکییان گەیاندنی دەنگی ژنی کورد و پاراستنی زمان و کلتووری نەتەوەییە لە نێو نەوەی نوێدا.

خاتوو شیرین زەکی جندی، سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، بەبۆنەی سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەیانەوە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''ئەم فیدراسیۆنە لە سەرەتادا تەنیا خەونێکی هاوبەش بوو لە دوو پارچەی جیاوازی کوردستان، بەڵام بە پشتبەستن بە ڕێباز و ئەزموونی ژنانی تێکۆشەر و قارەمانی نیشتمانەکەمان، توانیومانە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ڕێکخراوێک دابمەزرێنین کە نوێنەرایەتیی ژنانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و سەرانسەری جیهان (لە ئەورووپا، ئەمریکا، کەنەدا و ڕووسیا) بکات.

سەرۆکی فیدراسیۆن ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی سێ ساڵی ڕابردوو دا و گوتی، ''لەم ماوە کورتەدا، بەردەوام بەرگریمان لە مافی ژنانی کوردستان کردووە، دەنگی ئەوانمان بە جیهان گەیاندووە و زمان و کلتووری کوردیمان لە نێو نەوەی نوێی دیاسپۆرادا پاراستووە، هەروەها تۆڕێکی وا بەهێزمان لە نێوان ژنانی گەنجدا چنیوە کە هیچ سنوورێک ناتوانێت لێکیان جیا بکاتەوە.

شیرین زەکی جندی لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕەکەمان، لە کاتی چوونە ناو ساڵی چوارەمی خەباتیان، ڕایگەیاند، ''هیوامانوایە بە نیەتێکی پاکی کوردستانی، دەست لەناو دەست پەرە بە توانای گەنجانمان بدەین و بێ جیاوازی داکۆکی لە داواکارییەکانیان بکەین. سوپاسی بێپایان بۆ هەموو ئەو ئافرەتە نیشتمانپەروەرانەی بوونە پاڵپشتمان، و سەری ڕێز و نەوازشیش بۆ گیانی پاکی ئەو ژنە تێکۆشەرانە دادەنوێنین کە لە پێناو ئازادی و دەستخستنی مافەکانیاندا گیانیان فیدا کرد.

 

ئەژین غەفار