Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت قۆناغی باشی بڕیوە و گەشتیاری زیاد کردووە

شێخان-KDP.info- ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ڕۆحانیی کوردانی ئێزدی دەڵێت، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە قۆناغی زۆر گرنگی بڕیوە، ئەمەش بووەتە هۆی ڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆری گەشتیارانی ناوخۆیی و شاندە بیانییەکان بۆ ئەم شوێنە مێژوویی و ئاینییە.

ئەندازیار خالد نەرمۆ، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ڕۆحانیی کوردانی ئێزدی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تەواو بە نۆژەنکردنەوەی گشتگیری پەرستگای لالش دەدات، لەو چوارچێوەیەشدا پڕۆژە سەرەکی و زەحمەتەکان بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواو کراون."

نەرمۆ ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین پڕۆژەی گرنگی ژێرخانی ناوچەکە جێبەجێ کراون، لەوانە دروستکردنی ڕێگەی دووسایدی شێخان بۆ لالش، جێبەجێکردنی ڕێگەیەکی دووساید لە ناوخۆی پەرستگاکەدا و تەواوکردنی 50%ی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی شوێنە پیرۆزەکان، کە بڕیارە نیوەکەی تریشی کۆتایی پێ بهێنرێت.

ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان ڕوونکردنەوەی دا کە سەرەڕای ڕۆڵی سەرەکی و پێشەنگی حکوومەتی هەرێم، چەند لایەنێکی تریش هاوکار بوون لەوانەو حکوومەتی فیدراڵیی عێراق (لە ڕێگەی یەک دوو پڕۆژەوە)، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چەند ڕێکخراوێک و کەسایەتیی دیاری پێکهاتەی ئێزدی.

ئەندازیار خالد نەرمۆ باسی لەوەش کرد کە پڕۆژە سەرەکییەکان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراون، بەڵام چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی گرنگ ماون کە بەڵێنی تەواوکردنیان دراوە، وەک، دروستکردنی پارکی تایبەت بە وەستانی ئۆتۆمبێل و ڕێکخستنی ڕێڕەوی هاتوچۆی پیادە و دابینکردنی تۆڕی ڕووناکی گونجاو لە ناو لالش.

لە کۆتاییدا، خالد نەرمۆ جەختی کردەوە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تەواوی کۆبوونەوەکاندا پشتیوانیی خۆی بۆ کوردانی ئێزدی و بۆ لالش وەک شوێنێکی ئاینی و گەشتیاریی مێژوویی دووپات کردووەتەوە. بەتایبەت دروستکردنی ڕێگەوبانەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبووە لەسەر زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی گەشتیاران و شاندە دەرەکییەکان.

 

بڵند ئیبراهیم