Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا سامی هۆکاری کەمبوونەوەی سەرپێچییە ژینگەیییەکان بۆ KDP.info ئاشکرا دەکات

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی دەستەی باڵای ژینگەی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی بەردەوام لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، سەرپێچییە ژینگەیییەکان و بەتایبەتیش ڕاوی ماسی لەمساڵدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، لیوا سامی سابر ئاماژە بەوەش دەکات کە لە ١٦ی ئەم مانگەوە وەرزی ڕاوکردنی ماسی دەست پێدەکاتەوە، بەڵام چاودێریی چڕ بۆ ڕێگریکردن لە بڕینی دار و تێکدانی ژینگە بەردەوام دەبێت.

لیوا سامی سابر، ئەندامی دەستەی باڵای ژینگەی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''دوای ئەوەی وەرزی قەدەغەکردنی ڕاوی ماسی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد، بڕیارە لە ١٦ی ئەم مانگەوە (حوزەیران) پرۆسەی ڕاوکردن دەست پێبکاتەوە. خۆشبەختانە ئەمساڵ تا ڕادەیەکی زۆر باش خەڵک پابەندی بڕیارەکە بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە چاودێریی باش بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر سەرپێچییەک بکرێت، چونکە ڕەنگە هێشتا کەسانێک هەبن بیانیانەوێت سەرپێچی بکەن، ڕاو بکەن یان دار ببڕن و زیان بە سروشت بگەیەنن.

لیوا سامی سابر گوتیشی، ''ئێستا هۆشیارییەکی زۆر باش لە نێو کۆمەڵگەدا دروست بووە، هاووڵاتیان بەهۆی ئاگاداربوونیان لە بڕیارەکانی حکوومەت و قورسیی سزای سەرپێچییکاران، کەمتر پەنا بۆ تێکدانی سروشت دەبەن. ئەمەش هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە بۆ ئەوەی ژینگەکەمان بە پارێزراوی بمێنێتەوە، چونکە ئەو بڕیارانە ڕاستەوخۆ لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی، پاراستنی سامانی ماسی و گەشەپێدانی ژینگەی هه‌رێمدان.

نوێنەری دەستەی باڵای ژینگە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە دا، ''لەسەر ئاستی باڵا، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە کە سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە و نوێنەری تەواوی وەزارەتەکانی تێدایە، ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت. ئەم هەنگاوە توندوتۆڵانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وای کردووە ڕێژەی سەرپێچییەکان کەم بێتەوە، چونکە سزای بڕینی دار، ڕاوی ماسی و هەموو زیانبەخشینێک بە سروشت قورس کراون، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە حکوومەت گرنگییەکی یەکجار زۆر بە داهاتووی ژینگەی کوردستان دەدات.

 

بڵند ئیبراهیم