Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حوسێن بۆ KDP.info: پەیامەکەی سەرۆک بارزانی نەخشەڕێگەی تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسییە

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی ـ هەڵەبجە ـ ڕاپەڕین دەڵێت، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەکان، ڕەنگدانەوەی بەرپرسیاریەتیی پێگەی جەنابیانە بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی و خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، عەلی حوسێن جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی ململانێ و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکانەوە، پێویستە هەمووان بەرژەوەندییە حزبییەکان وەلابنێن، چونکە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەرکی هاوبەشی هێزە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران و تەواوی تاکەکانی کوردستانە.

پێشتر و لە ڕێککەوتی ٢٠٢٦/٥/٢٦، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکی مێژووییدا بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، پەیامێکی گرنگی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و ڕایگەیاندبوو، ''پەیامم بۆ لایەن و هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە، کە هەموو لایەک بیر لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسک دابنێن. داوا دەکەم لەدوای جەژنی پیرۆزی قوربان، لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە دڵسۆزی و هەستی نیشتمانپەروەرانەوە بەیەکەوە کۆببنەوە، ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بکەن و کۆتایی بەم دۆخە نالەبارە بهێنن.

لەوبارەیەوە، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی ـ هەڵەبجە ـ ڕاپەڕین، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ گشت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە، ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئەزموون و بەرپرسیاریەتیی پێگەی جەنابیانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان. ئەم پەیامە داوای بەلاوەنانی بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان دەکات لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان، بۆ ئەوەی هەرچی زووە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کابینەی دەیەمی حکوومەت پێک بهێنرێت.

عەلی حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیامەکەی جەنابی سەرۆک ئامانجی دانانی ستراتیژیەتێکی هەماهەنگ و هاوبەشی کوردستانییە، چونکە ململانێ نێودەوڵەتییەکانی وەک شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەروەها شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

عەلی حوسێن گوتیشی، ''زۆر پێویستە لایەنە کوردستانییەکان خوێندنەوەی ورد و زانستییان بۆ ئەم دۆخە هەبێت، چونکە هەر ڕێککەوتنێکی نوێی نێودەوڵەتی دوای ئەم ململانێیانە ئەنجام بدرێت و کورد تێیدا یەکڕیز و ئامادە نەبێت، ڕەنگە بە زیانی گەورە بۆ گەلەکەمان تەواو بێت. بۆیە ئەرکێکی مێژووییە کە هەمووان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دیالۆگ و دامەزراوە شەرعییەکان کارا بکەنەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا، عەلی حوسێن جەختی کردەوە کە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی تەنیا ئەرکی حزبەکان نییە، بەڵکو ئەرکی نووسەران، ڕۆشنبیران، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو تاکێکی کوردستانییە کە پشتگیری لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی و هەنگاوەکانی تەبایی و یەکڕیزی بکەن، تاوەکو بە یەکگرتوویی و هێزەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکانی ئەم قۆناغە هەستیارە ببینەوە.

 

کرمانج گوانی