عارف ڕوشدی
پەیامی جەنابی سەرۆک بارزانی، پەیامی کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییە، پەیامی پاراستنی خواستەکانی گەل، نیشتمان و قەوارەی یاساییی هەرێمی کوردستانە. هاوکات پەیامی بەرزڕاگرتن و ڕێزلێنانە لە خوێنی ئاڵی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری و سەرفرازیی کوردستان.
لەکەس شاراوە نییە کە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ململانێی ڕامیاری، سەربازی و ئابووری لە برەودایە، لایەنە بەشداربووەکانیش خاوەنی وڵات و بەرژەوەندیی نەتەوەییی خۆیانن. ئێمە دەبێت لە وانەکانی مێژووەوە هۆشیاریی تەواو وەدەست بهێنین، چونکە بزووتنەوەی کوردایەتی و چەندین بزووتنەوەی هاوشێوە، پێشتر لە مەیدانی بەریەککەوتنی بەرژەوەندخوازانەی وڵاتاندا، ڕووبەڕووی زیانی گەورە بوونەتەوە. نزیکترین نموونەش، ڕێککەوتنی ناپاکانەی (٦)ی ئازاری ساڵی (١٩٧٥)ی ناسراو بە ڕێککەوتنی (جەزائیر) بوو لە نێوان هەردوو دەوڵەتی عێراقی سەردەمی بەعس و ئێرانی سەردەمی شادا.
ئێستاش، سەرەڕای گرفتە بەردەوامەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بە هۆکاری پێشێلکردنی دەستوور و بازدان بەسەر ماف و ئەرکە دەستوورییەکانی هەرێمدا، بەدەنگەوەهاتنی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ پەیامەکەی جەنابی سەرۆک، بەجێگەیاندنی پابەندبوونێکی نیشتمانی، نەتەوەیی و ویژدانییە، تاکو بە هەڵوێستێکی یەکگرتووی کوردستانیانە، ڕێگری لە هەر پیلان و زێدەڕۆیییەک بکرێت کە دەکرێتە سەر پێگەی ڕامیاری و یاساییی هەرێمەکەمان و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان پارێزراو بن.
لەو پێناوەدا، پێویستە چیتر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوانەخرێت، تاوەکو نەبێتە بیانوو بەدەست ناحەزانەوە و دژی سەروەریی گەلەکەمان بەکاری نەهێنن. لەو بڕوایەدام هەر لایەنێک لە ڕوانگەی بەرتەسکی خواستە کەسی و حزبییەکانی خۆیەوە نەیەتە ژێر باری ئەم خواستە نیشتمانییە، پێش هەموو شتێک بەو واتایە دێت کە ڕێزی لە مێژووی پڕ لە نەهامەتیی گەلەکەمان، دەنگدەران و جەماوەرەکەی خۆی نەگرتووە.
ئەوەی تەندروست و ڕەوایە ئەوەیە لایەنەکان پێویستە هاوکار و قایل بن بەو هێز و پێگەیەی دەنگدەران پێیان بەخشیون، شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتیی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ئەم قۆناغە هەستیار و جەنجاڵە، تا کاروانی ئاوەدانی و پێشکەوتنی هەرێمەکەمان بەرەو ئاستێکی باڵاتر ببەن.