Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شیرین حوسنی بۆ KDP.info: ناونووسین تا ١٥ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت

دهۆک-KDP.info- ئەندامێکی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک ڕایدەگەیەنێت کە بە فەرمانی سەرۆک بارزانی و لە سەر ئەرکی مەنسوور بارزانی، بەبۆنەی یادی ١٦ی ئابەوە ئاهەنگێکی بەکۆمەڵی هاوسەرگیری بۆ گەنجان بەڕێوەدەچێت، شیرین حوسنی ئاشکراشی دەکات کە پرۆسەی ناونووسین تا ١٥ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و هەر توێژێکیش سوودمەند بێت، دیارییەکی دارایی بە بڕی ١٠ ملیۆن دینار و تەواوی خەرجییەکانی ئاهەنگەکەی پێشکەش دەکرێت.

شیرین حوسنی، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و لەسەر ئەرکی بەڕێز مەنسوور بارزانی، بەبۆنەی یادی ١٦ی ئاب، ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتیمان، ئاهەنگێکی بەکۆمەڵی هاوسەرگیری بەڕێوەدەچێت کە تێیدا بووک و زاواکان سوودمەند دەبن لە هاوکارییەکانی پارتی، پرۆسەی ناوتۆمارکردنیش تا ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی دهۆک گوتیشی، ''هەموو گەنجێک مافی خۆتۆمارکردنی هەیە و هیچ جیاکارییەک ناکرێت، بەڵام کوڕ و کچی شەهیدانی سەربەرز بێ تیروپشک ڕاستەوخۆ بەشدار دەبن. هاوکارییەکانیش برێتی دەبن لە پێشکەشکردنی دیارییەکی پێشەکی بە بڕی ١٠ ملیۆن دینار، لەگەڵ گرتنەئەستۆی تەواوی خەرجییەکانی ڕۆژی ئاهەنگەکە لەلایەن بەڕێز مەنسوور بارزانییەوە.

شیرین حوسنی ئاماژەی بەوەش دا، ئامادەکارییەکان لە ئێستاوە دەستیان پێکردووە و ڕۆژی ١٦ی ئاب لە سنووری هەر لقێکی سەر بە مەکتەبی ڕێکخستنی دهۆک، ئاهەنگەکە بەڕێوەدەچێت. جەختیشی کردەوە کە مه‌به‌ست لەم هاوکارییە، پشتگیریکردنی ڕاستەوخۆی گەنجان و لاوانە بۆ ئەوەی بچنە ناو پرۆسەی پیرۆزی هاوسەرگیرییەوە، چونکە پارتی هەمیشە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان دامەزراوە و ئەوەی لە تواناشیدا بێت، لە پێشکەشکردنی هاوکاری بە هاووڵاتیان درێغی ناکات.

 

قائید میرۆ