Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوتەبێژی پارتی: بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە گفتوگۆداین

هەولێر-KDP.info- مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و هاوتەریببوون لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە گفتوگۆداین، مەحموود محەممەد دەشڵێت، ئامادەی کۆبوونەوەین لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و داوای یەکڕیزیی لایەنەکان دەکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٠٢٦/٦/١١)، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ''دوای هەڵبژاردنەکان و بە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی سەردانی لایەنە کوردستانییەکانمان کردووە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دۆخی چەقبەستوویی هەرێمی کوردستان بهێنین. 

گوتەبێژی پارتی هەروەها ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە پارتی ئامادە نییە بۆ کۆبوونەوە و گوتی، "ئەو قسانەی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەکرێن ڕاست نین، ئێمە ئامادەین و هیچ شتێکی شاراوەش نییە، پێویستە کۆببینەوە و زەمینەیەکی گونجاو دروست بکەین بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشانەی هەن".

سەبارەت بە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان پارتی و یەکێتی گوتی، ''لە پەیوەندی و گفتوگۆداین بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو. 

مەحموود محەممەد ئەوەشی خستە ڕوو و گوتی، ''دەمانەوێت ئامادەکارییەکی باش بۆ کۆبوونەوەکان بکەین بۆ ئەوەی بەرهەمیان هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەحموود محەممەد تیشکی خستە سەر دۆخی ناوچەکە و گرنگیی یەکڕیزیی لایەنەکان و ڕایگەیاند، ''ناوچەکە کۆمەڵێک ڕووداو و گۆڕانکاریی زۆر گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەرگەی ئەو کۆسپانە بگرین و هەرێمی کوردستان تووشی کێشە نەبێت، پێویستمان بە یەکڕیزییەکی گرینگ هەیە لە ناوخۆدا.