Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عادلی شاڵ گفتوگۆ پڕ لە سۆزەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بۆ KDP.info گێڕایەوە

زاخۆ-KDP.info-  دووکاندارێکی دیاری پارێزگای هەڵەبجە بە ناوی (عادلی شاڵ)، چیرۆکی دیدارە پڕ لە سۆز و سادەییەکەی خۆی لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی لە چوارەمین فێستیڤاڵی شەل و شەپکی زاخۆدا دەگێڕێتەوە، عادلی شاڵ ئاشکرای دەکات کە سەرۆک بارزانی کاتێک ناوی هەڵەبجەی لەسەر تابلۆی دووکانەکەی خوێندووەتەوە، زۆرترین کات لای ماوەتەوە و پێی ڕاگەیاندووە کە (هەڵەبجە لە دڵی مندایە)، هاوکارانە کڵاوێکی دەستچنی هەورامانی وەک دیاری لێ وەرگرتووە و نەیهێشتووە یاوەرەکانی لێی وەربگرن و فەرموویەتی، ''ئەمە دیاریی هەڵەبجەیە و لای خۆم دەبێت.

سەرۆک مەسعوود بارزانی لە کاتی بەسەرکردنەوەی هاووڵاتیان و فرۆشیارانی چوارەمین فێستیڤاڵی شەل و شەپک لە زاخۆ، دەگاتە لای دووکاندارێکی دیاری پارێزگای هەڵەبجە بە ناوی (عادلی شاڵ). وەک ئەو کاسبکارە دەڵێت، سەرۆک کاتێک گەیشتووەتە لای دووکانەکەی و تابلۆی ناوی هەڵەبجەی خوێندووەتەوە، یەکجار خۆشحاڵ بووە و کەوتووەتە قسەی خۆش لەگەڵیدا و فەرموویەتی، ''سوپاس کە لێرەیت، هەڵەبجە لە دڵی منە.

عادلی شاڵ کە زیاتر لە ٣٦ ساڵە لە پارێزگای هەڵەبجە خەریکی دوورینی شاڵی تەواوی ناوچەکانی کوردستانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گفتوگۆکەی خۆی لەگەڵ سەرۆک بارزانی گێڕایەوە و گوتی، ''سەرۆک بارزانی بەشداریی لە فێستیڤاڵی شەل و شەپکی زاخۆدا کرد. لە کاتی بەسەرکردنەوەی دووکانەکاندا کە ناوی شارەکانیان لەسەر نووسرابوو، ناوی هەڵەبجەی خوێندەوە و ڕاستەوخۆ هاتە لامان. سەرۆک بارزانی زۆرترین کات لای ئێمە مایەوە و دەستی بە گفتوگۆ کرد، تەنانەت تا ئاستی ئەوەی سوعبەت و قسەی خۆشی لەگەڵ کردم.

هەڵەبجە هەمیشە پێگەیەکی یەکجار تایبەت و پیرۆزی لای سەرۆک بارزانی هەیە. عادلی شاڵ دەڵێت، ''سەرۆک بارزانی پێی فەرمووم، "ئێوەی هەڵەبجەیی لە دڵی مندان." من بەو قسانە یەکجار دڵخۆش بووم و پێم گوت جەنابی سەرۆک، منیش بە ناوی تەواوی خەڵکی هەڵەبجەوە سوپاست دەکەم و خۆشحاڵین کە هاتووی بۆ لامان و هەمیشە ڕێزی هەڵەبجە بە بەرزی دەگریت. پاشان پێم گوت، سەرۆک بارزانی، تکایە ئەم دیارییە بچووکەی من وەک هەڵەبجەیەک قبووڵ بکە. ئەویش زۆر خۆشحاڵ بوو و دیارییەکەی لێ وەرگرتم. کاتێک یەکێک لە یاوەرەکانی ویستی دیارییەکە لە سەرۆک وەربگرێت، جەنابی سەرۆک ڕێگەی نەدا و پێی فەرموو، "ئەوە دیاریی هەڵەبجەیە، تایبەتە لای من." پاشان خستییە گیرفانی خۆیەوە و فەرمووی، "با لای خۆم بێت".

سەبارەت بە جۆری دیارییەکەش، عادلی شاڵ گوتی، ''دیارییەکە کڵاوێکی ناوازی دەستچنی ناوچەی هەورامان بوو. سەرۆک دوو ئەوەندەی دووکانەکانی تر کاتی بۆ ئێمە دانا و لای مە مایەوە. گفتوگۆی نێوان من و سەرۆک بارزانی، وەک کوڕێکی هەڵەبجەیی و سەرکردەیەکی کوردپەروەر بوو، یەکجار سادە و قسەخۆش بوو، هەستێکی کەموێنە و پڕ لە شانازی بوو بۆ من کە بەو شێوازە گەورەیە ڕێزی لێگرتم.

ئەو کاسبکارە دێرینە لە کۆتاییدا گوتی، ''ئێستا من لە زاخۆم، بەڕاستی هاووڵاتیانی زاخۆ زۆر ڕێزم لێدەگرن کاتێک دەزانن خەڵکی هەڵەبجەم و بەردەوام بانگهێشتی ماڵەکانی خۆیانم دەکەن بۆ میوانداری. ئەوەی هەڵەبجەی خۆش بوێت، ئێمەش خۆشمان دەوێت.

 

عەزیز ڕەسووڵ