Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگار ھۆکاری زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی پایتەخت بۆ KDP.info ئاشکرا دەکات

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری ھەولێر ڕایدەگەیەنێت کە بەھۆی پێشکەوتنی بەردەوام و سەقامگیریی ئەمنییەوە، ھەمیشە خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی دیکەی ھەرێم، عێراق و دەرەوەش بۆ نیشتەجێبوون ڕوو لە ھەولێر دەکەن. ئاشکراشی دەکات کە لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانی پایتەخت (جگە لە ئاوارە و پەنابەران) گەیشتووەتە دوو ملیۆن کەس.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "ژمارەی دانیشتووانی ھەولێر گەیشتووەتە دوو ملیۆن کەس، ئەمە بێجگە لەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە لە کەمپ و ناوچە جیاجیاکانی پایتەختدا نیشتەجێن. ھۆکاری ئەم زیادبوونەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھەولێر لە ساڵانی دواییدا پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە جێی سەرنجی خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی ھەرێم، عێراق و تەنانەت ھاووڵاتیانی بیانیش تا لێرە نیشتەجێ ببن."

پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بە گەشەکردنی ھەولێر کرد و گوتی، "ھەولێر بەردەوام لە فراوانبووندایە و ساڵ بە ساڵ ژمارەی گەڕەک و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون تێیدا زیاد دەکات. بەپێی ئەو پلانەی کە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە داڕێژراوە، ماستەرپلانی سەنتەری شار زۆر فراوانتر کراوە و گۆڕانکاریی بەردەوام بەخۆیەوە دەبینێت."

ئومێد خۆشناو لە کۆتاییدا تیشکی خستە سەر دۆخی خزمەتگوزارییەکان و ڕوونی کردەوە، "لەڕووی ئەمنی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەوە، ھەولێر ژینگەیەکی زۆر گونجاو و لەباری بۆ ھاووڵاتیان فەراھەم کردووە. سەرەڕای نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم لەلایەن بەغداوە، شەڕی داعش، قەیرانی دارایی و لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە ھەولێر نەوەستاوە و بەپێی تواناکان بەردەوامیی ھەبووە."

 

قائید میرۆ