Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی و کۆمەڵی دادگەری جەخت لە یەکڕیزیی نێوماڵی کوردی دەکەنەوە

کەرکووک-KDP.info- شاندێکی مەڵبەندی کۆمەڵی دادگەری کوردستان سەردانی بارەگای لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری کەرکووک کرد، بە مەبەستی تاوتێکردنی بارودۆخی ئێستای شارەکە و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ یەکخستنی ھەڵوێستەکان بەرامبەر پرسە چارەنووسسازەکان.

لە بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان، محەممەد کەمال بەرپرسی لقی ٣ پارتی دیموکراتی کوردستان و بە ئامادەبوونی ئەندامانی دەستەی کارگێڕانی لق، پێشوازی لە مامۆستا سەعید مەجید، بەرپرسی مەڵبەندی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە کەرکووک و شاندێکی یاوەری کرد. ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە بریتی بوو لە گفتوگۆکردن و گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر بارودۆخی ئێستای شاری کەرکووک و تاوتوێکردنی چۆنیەتی بەھێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوولادا.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا کە لە کەشێکی دۆستانە و پڕ لە لێکتێگەیشتندا بەڕێوەچوو، ھەردوولا بە وردی تیشکیان خستە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە و جەختیان لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی ماڵی کورد لەم قۆناغە ھەستیارەدا کردەوە. ئامادەبووان ئاماژەیان بەوە دا کە ھەماھەنگی، تەبایی و نزیکبوونەوەی نێوان لایەنە کوردییەکان لە کەرکووک، تاکە زامنی ڕاستەقینەیە بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی ھاووڵاتیان و چەسپاندنی سەقامگیریی ھەمیشەیی لە شارەکەدا.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا، ھەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیی ئەم جۆرە دیدار و سەردانە دووقۆڵییانە کردەوە بە مەبەستی یەکخستنی تەواوی ھەڵوێستەکان بەرامبەر بە پرسە ستراتیژی و چارەنووسسازەکانی تایبەت بە کەرکووک.