Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: ناوەندی گەنجان سەکۆیەکە بۆ ئەوەی گەنجان سوودی لێ وەربگرن

ھەولێر-KDP. info-  سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی ناوەندی گەنجانی، داوای لە لاوان کرد کە مێژووی نەتەوەکەیان بخوێننەوە و بزانن کە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی کوردستان بەرهەمی خەباتی پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلێکی ستەمدیدەیە کە هیچ کاتێک ڕێگەی نەداوە ئیرادەی نیشتمانیی تێکبشکێت.

چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی فەرمیی کردنەوەی ناوەندی گەنجانی کوردستان، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا دڵخۆشیی خۆی بە بەشداریکردن لە کردنەوەی ئەم ناوەندە گرنگە دەربڕی، کە وەک یەکێک لە گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندەکانی لاوان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان هەژمار دەکرێت.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، کە بوونی ناوەندێکی لەم شێوەیە لە هەرێمی کوردستان جێگەی شانازییە بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان و دەبێتە سەکۆیەکی گرنگ بۆ ئەوەی سەرجەم گەنجان بتوانن سوودی لێ ببینن. لەم چوارچێوەیەدا، مەسروور بارزانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم گەنجان و خەڵکی کوردستان کرد و دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەس و لایەنانە کرد کە رۆڵیان هەبووە لە دامەزراندنی ناوەندەکە و بەردەوامن لە پێگەیاندنی لاوان و دروستکردنی پەیوەندییەکی تەندروست و پێویست لە نێوان گەنجان و چینەکانی کۆمەڵگەدا.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە بینینی گەنجانی بەهرەمەند نیشان دا کە لە بەشەکانی ناوەندەکەدا بەرهەمەکانی خۆیان نمایش کردبوو.

سەرۆکی حکوومەت، گرنگیی بوونی شوێنێکی هاوچەرخی بۆ کۆبوونەوە و گەشەپێدانی تواناکانی لاوان دووپات کردەوە و ئاماژەی بە بوونی کتێبخانەیەکی گەورە و دەوڵەمەند بە سەرچاوەی گرنگی زانستی و مێژوویی لە ناوەندەکەدا کرد کە دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی مەعریفە بۆ گەنجان.

لە ڕووی پەیامی نیشتمانییەوە، مەسرور بارزانی داوای لە گەنجانی کوردستان کرد کە مێژوو بخوێننەوە و مێژووی نەتەوەکەیان ببینن بۆ ئەوەی بزانن ئەم قەوارە و دەستکەوتانەی ئێستا لە کوردستاندا هەن، بەرهەمی خەبات، ماندووبوون و رەنجی نەتەوەیەکی ستەملێکراوە.

مەسروور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەو ستەمە گەورەیەی بە درێژایی مێژوو لە گەلی کورد کراوە، بەڵام گەلەکەمان هیچ کاتێک خۆی نەچەماندووەتەوە و رێگەی نەداوە ئیرادەی نیشتمانیی بمرێت؛ بەڵکو بەرهەمی خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکان و قوربانیدانی گەلەکەمان بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەمڕۆ کوردستانێکی گەشەسەندوو و پێشکەوتوومان هەبێت.