ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توانای گەنجان و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ داهێنانەکانیان، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندی گەنجانی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراق کردەوە، کە لە لایەن (کوردستان فاوندەیشن)ـەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بەڕێوە دەبرێت.
ئەم ناوەندە مۆدێرنە وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گشتگیر، دەرگایەکی نوێ بە رووی گەنجاندا دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی لێهاتوویی، فێربوونی کارامەیی نوێ و دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی بەهێز لە نێوان گەنجانی داهێنەردا.
ناوەندەکە بە سیستمێکی نێودەوڵەتی و بە بەرزترین ستانداردی جیهانی بەڕێوەدەبرێت، لە ماوەی ئەزموونی سەرەتایی خۆیدا توانیوویەتی سەرنجی ژمارەیەکی پێوانەیی لە گەنجان رابکێشێت: ئێستا خاوەنی زیاتر لە هەزارو 400 ئەندامە و پتر لە 12 هەزار کتێبی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە، سەرباری ئەوەی، لە ماوەی کارکردنی ئەزموونیدا، 129 هەزار سەردانیکاری هەبووە. جگە لەوەی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ناوەندەکە بێبەرامبەر (بە خۆڕایی) پێشکەش دەکرێت.
ناوەندی گەنجانی کوردستان فاوندەیشن کۆمەڵێک دەرفەتی جۆراوجۆر لە بوارەکانی تەکنەلۆجیا، کارسازی، فێربوون و پەرەپێدانی پیشەیی دابین دەکات. ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە دروستکردنی سەکۆیەکە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان بتوانن تێیدا تواناکانیان پەرەپێبدەن و بەشدارییەکی کاریگەر لە ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی کۆمەڵگەدا بکەن.