Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوتەبێژی حکوومەت ناوەرۆكی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران دەخاتەڕوو

هەولێر-KDP.info- کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆتاییهات و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی ناوەڕۆکەکەی ساز کرد. 

بەشێک لە قسەکانی گوتەبێژی حکوومەت:

- کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو. 

- دەمانەوێت کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ چارەسەر بکەین. 

-  لەسەر پێشنیازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای هاوبەش بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێکدەهێنرێت. 

- لە داهاتوویەکی نزیکدا لیژنەکە پێکدەهێنرێت، تەنیاش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، بەڵکوو بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیشە لە هەمان کاتدا. 

- جەنگی ناوچەکە جگە لە مەترسیی ئەمنی، قەیرانێکی قورسی دارایی دروست کردووە. 

- سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت، حکوومەتی کوردستان هەموو هاوکارییەکی حکوومەتی عێراق دەکات.

- حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دژی سیستەمی ئەسیکۆدا نییە، بەڵام دەبووایە زووتر ئاگادار کرابینەوە، چونکە بۆ جێبەجێکردنی، ئامادەکاریی زۆری دەوێت. 

- هەر کە شاندی حکوومەتی عێراق ئامادە بوو، شاندی حکوومەتی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی ئەسیکۆدا. 

- کۆمپانیا نەوتییەکان لە کوردستان، داوای گەرەنتیی ئەمنییان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە تا دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە.

- زۆرینەی هاووڵاتییانی کوردستان لە کارەبای 24 کاتژمێری رازین و پچڕانی ماوە بە ماوەش، هەندێک کێشەی تەکنیکین سەرقاڵی چارەسەرکردنیانین. 

- سەبارەت بە گرانبوونی بەنزین، قسەمان لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەکان کردووە و بەمزووانە چارەسەر دەبێت. 

- داوای بودجە لە حکوومەتی نوێی عێراق دەکەین نەک تەنیا مووچە.