Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سامی جەلال بۆ KDP.info: ڕێککەوتن نزیکە و هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا دەكەین

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی گفتوگۆکان لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی گومرگیی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA) سەردانی بەغدا بکات. سەرۆکی شاندەکەش ڕایدەگەیەنێت کە زۆربەی کێشەکان چارەسەر بوون و چاوەڕوان دەکرێت لەم سەردانەدا ڕێککەوتنی کۆتایی ئیمزا بکرێت.

دکتۆر سامی جەلال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی هەرێم بۆ پرسی سیستمی ئەسیکۆدا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info) گەشبینی خۆی بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی دەربڕی.

ئاماژەی بەوەش کرد کە تێگەیشتنێکی باش لە نێوان هەردوولادا هەیە و تەنها هەندێک وردەکاریی تەکنیکی ماون کە لە کۆبوونەوەکانی هەفتەی داهاتوودا یەکلا دەکرێنەوە.

دکتۆر سامی جەلال گوتیشی، "کێشەکان لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا بەڕووی چارەسەربووندان و بەشێوەیەکی گشتی ڕێککەوتن کراوە، تەنها هەندێک گرفتی تەکنیکی بچووک ماون کە چاوەڕێ دەکەین لە سەردانی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوودا چارەسەر ببن و ڕێککەوتنەکە ئیمزا بکرێت بۆ ئەوەی سیستەمەکە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت."

سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئەرێنیی حکوومەتی فیدراڵی لەم پرسەدا و ڕایگەیاند، "کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق تێگەیشتنێکی زۆر باشی هەیە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە گومرگییە، ئەمەش وایکردووە پرۆسەکە بە خێرایی بەڕێوەبچێت."

 

بڵند ئیبراهیم