Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی بۆردومانی ئۆردوگای زێوە: سەربەرزی و سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان مایەوە

هەولێر-KDP.info-  سەرۆک مەسعود بارزانی لە چل و یەکەمین ساڵیادی بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند کە ئەو کارەساتە یەکێک بوو لە خەمناکترین ڕۆژەکانی ژیانی، بەڵام نەبووە هۆی شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان، بەڵکو عەزم و مکوڕبوونی پێشمەرگەی بۆ درێژەدان بە خەبات بەهێزتر کرد.

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لە ساڵیادی بۆردومانی ئۆردوگای زێوە:

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

لە 9ی حوزەیرانی 1985ـدا رژێمی پێشووی عێراق تاوانێكی گەورەی لە دژی گەلی كوردستان ئەنجام دا. لەو رۆژەدا، فڕۆكەكانی رژێم بە شێوەیەكی دڕندانە ئۆردوگای پەنابەرانی زێوە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیان بۆردومان كرد و لە ئەنجامی ئەو پەلامارە نامرۆڤانەیەدا سەدان ژن و منداڵ و پیر و گەنجی بێتاوان شەهید و بریندار بوون.

كارەساتی زێوە لاپەڕەیەكی خوێناویی ترە لە كارنامەی ڕەشی ڕژێمی پێشووی عێراق. ئەو ڕۆژە یەكێك بوو لە خەمناكترین ڕۆژەكانی ژیانم. ناڵە و شیوەنی دایكان و جەستەی سووتاو و لەتلەتكراوی شەهیدان و بریندارانی زێوە دڵ و دەروونی هەر خاوەن‌ ویژدانێكی دەهەژاند.

ئامانجی ڕژێم لە تاوانی كۆمەڵكوژیی زێوە و تاوانەكانی تردا، شكاندنی ئیرادەی پەنابەران، پێشمەرگە و خەباتگێڕانی كوردستان بوو. بەڵام ئەو تاوانانە ئیرادەی پێشمەرگە و ڕۆڵەكانی گەلی كوردستانی بۆ درێژەدان بە خەباتی دژی ستەمكاران و دەستەڵاتدارانی ئەو كاتی عێراق مكوڕتر و بەهێزتر كرد. لە ئەنجامی ئەو قوربانیدان و تێكۆشان و خەباتەدا، چارەنووسی زاڵمان و تاوانكاران سەرشۆڕی و شكست بوو، و سەربەرزی و سەركەوتنیش بۆ گەلی كوردستان مایەوە.

لە چل و یەكەمین ساڵیادی كارەساتی زێوەدا، سڵاو بۆ رۆحی پاكی شەهیدانی زێوە و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین.

 

مسعود بارزانی

9ی حوزەیرانی 2026