سۆران-KDP.info- ٤١ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕووداوە کارەساتبارەکەی ساڵی ١٩٨٥ کە تێیدا سەدان کەسی بێ تاوان لە ئۆردوگای زێوە بۆردمان کران. لەو یادە دڵتەزێنەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، ھەڵدەستێت بە ڕێکخستنی مەڕاسیمێک بۆ یادکردنەوەی کارەساتی بۆردومانی کەمپی زێوە و تێیدا چەند بڕگەیەکی جیاواز پێشکەش دەکرێت.
کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند، "سبەی بەرواری ٢٠٢٦/٦/٩، بۆ ڕێزگرتن لە کەسوکاری سەربڵندی شەھیدان و برینداران، لە مەڕاسیمێکی شایستەدا، یادی بۆردمانی کەمپی زێوە دەکەینەوە و بە چەند بڕگەیەکی جۆراوجۆر مەڕاسیمەکە بەڕێوەدەچێت".
بەڕێوەبەری گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران گوتی، "مەڕاسیمەکە بە ئاماددەبوونی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و برینداران، بەرپرسیانی حزبی و حکوومی بەڕێوەدەچێت، ھاوکات دەشڵێت، لە سەرەتای مەڕاسیمەکە، پێشانگایەکی وێنەی ئەرشیفی شەھیدان و قوربانیانی بۆردومانەکە نمایش دەکرێن. لە بەشی دووەمی مەڕاسیمەکە، پانێلێک لەلایەن شایەتحاڵەکان و کەسوکاری بۆردومانکراوانی کەمپی زێوە بەڕێوەدەچێت. لە کۆتاییدا، ژمارەیەک پسپۆڕ شڕۆڤەی یاسایی ڕووداو و بابەتەکە دەکەن".
لە ڕێکەوتی ١٩٨٥/٦/٩، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس، ئۆردوگای زێوە کە کەمپی پەنابەرانی کوردانی باشوور بوو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بۆمباران کرا. لەو کارەساتە خەفەتبارەدا، ١٥٠ کەسی سڤیل شەھید بوون و ٣٧٣ کەسی تریش بریندار بوون.
ئەژین غەفار