بەغدا-KDP.info- بەمەبەستی تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی گرنگی سیاسی و ستراتیژی، شاندێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی د. شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سەرۆکی فراکسیۆن، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵیان کرد و لەلایەن د. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پێشوازییان لێکرا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، د. شاخەوان عەبدوڵڵا وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن بۆ وەزیری دەرەوە، ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی د. فوئاد حسێنی کرد لەپێناو بەهێزکردنی پێگەی دیپلۆماسیی عێراق لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی تیشکی خستە سەر دوو خاڵی بنەڕەتی، پێویستیی بەرزکردنەوەی پتر لە پیشەییبوونی ئامادەیی عێراق لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا و جەختکردنەوە لە گرنگیی پاراستنی هاوسەنگیی سیاسی و قووڵکردنەوەی هاوبەشیی نێوان سەرجەم هێزە ناوخۆییەکان، وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و پەرەپێدانی فەرهەنگی گفتوگۆ.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی هەماهەنگیی دامەزراوەیی کردەوە، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و یەکلاکردنەوەی سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی بنەماکانی دەستوور.
لای خۆیەوە، د. فوئاد حسێن پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ڕوانگە و داواکارییەکانی شاندەکەی فراکسیۆنی پارتی دەربڕی و ڕایگەیاند کە وەزارەتی دەرەوە بەردەوام دەبێت لە ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو و گرتنەبەری هەنگاوی کرداری بۆ قووڵکردنەوەی هەماهەنگییەکان لە قۆناغی داهاتوودا.
