Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە بۆ KDP.info: هەر کاتێک ئاسمانی وڵات کرایەوە گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕایدەگەیەنێت کە بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراقەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی هاتن و ڕۆیشتن لە فڕۆکەخانەکە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر بە تەواوی وەستاون.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "دوای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراقەوە ئاگادارکراینەوە لە داخستنی ئاسمانی وڵات، لە فڕۆکەخانەی هەولێریش سەرجەم گەشتەکانی هاتن و ڕۆیشتن بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر ڕاگیران. ئەم بڕیارە کاریگەریی خۆی دەبێت، چونکە ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە گەشتەکان ئاسایی و بەردەوام بن، بەڵام ئەم دۆخە ناچاری کردین تەواوی گەشتەکان ڕابگرین."

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرجەم ئەو گەشتیارانەی لەم ماوەیەدا گەشتیان هەبووە، ئاگادار کراونەتەوە کە گەشتەکانیان دواخراوە. گوتیشی، بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقدایە و هەر کاتێک ئاسمانی وڵات کرایەوە، گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.

 

بڵند ئیبراهیم