هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی پاراستنی شەفافییەت و ڕێگریکردن لە هەر سەرپێچییەک، زنجیرەیەک بڕیار و ڕێنمایی توندی بۆ تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی دەرکرد و هۆشداری دەداتە قوتابیان و مامۆستایانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە.
وەزارەتی پەروەردە پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوە وزارییەکان، ڕێنمایی نوێ بڵاودەکاتەوە و بەپێی ئەو ڕێنماییانە جەخت دەکاتەوە کە بردنە ژوورەوەی مۆبایل و هەر جۆرە کاتژمێر و ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بۆ ناو هۆڵەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە. ئەم بڕیارە نەک هەر قوتابیان، بەڵکو سەرپەرشتیار و چاودێرەکانیش دەگرێتەوە، بەجۆرێک هەر مامۆستایەک مۆبایل بباتە ژوورەوە، بە هاوکاری گزی هەژمار دەکرێت و ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە دەبێتەوە.
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، قوتابیان پابەند دەکرێن کە پرسیار و پەڕەی وەڵام (سۆما) پێکەوە ڕادەستی چاودێرەکان بکەنەوە. هەر قوتابییەک پەڕەی پرسیارەکەی نەگەڕێنێتەوە، نمرەی ئەو بابەتەی بۆ هەژمار ناکرێت.
٠ وێنەگرتنی پرسیارەکان و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێڵی سوورە، تەنانەت مامۆستایان و سەرپەرشتیارانیش بۆیان نییە پرسیارەکان بڵاوبکەنەوە.
٠ میکانیزمی تایبەت بۆ ناسینەوەی سەرچاوەی هەر وێنەیەک دانراوە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێنەوە.
لە لایەکی دیکەوە: وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارام، هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن بۆی نییە ڕووماڵی ناو هۆڵەکان بکات. زانیاری و ئامارەکان تەنیا لە ڕێگەی گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتەوە بۆ میدیاکان دەخرێنە ڕوو.
تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی تەواوبوون، خولی دووەم لە 15-06-2026 دەستپێدەکات، هاوکات پۆلی 12ـی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی)، خولی یەکەم لە 14-06-2026 دەستپێدەکات و لە 08-07-2026 تەواو دەبێت، خولی دووەمیش بۆ 11-08-2026 دیاریکراوە.