Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە بڕیاری مەسروور بارزانی هەر چوار شەهیدەکەی کەرکووک کران بە شەهیدی سەنگەر

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک ـ گەرمیانی پارتی، لە بارەگای مەکتەب پێشوازیی لە بنەماڵەی هەر چوار شەهیدەکەی ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ی کەرکووک کرد، هیوا ئەحمەد مستەفا ستایشی قوربانیدانی ئەو شەهیدە پاڵەوانانەی کرد لەپێناو سەروەریی شارەکە و ڕەتکردنەوەی جیاکاریدا، هاوکات بڕیارە مێژووییەکەی سەرۆکی حکوومەت، کاک مەسروور بارزانی بە بەرز نرخاند کە بڕیاری دا وەک شەهیدی سەنگەر ئەژمار بکرێن، لای خۆشیانەوە بنەماڵەی شەهیدان پێزانینی قووڵی خۆیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەت کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٠٢٦/٦/٧)، لە شاری کەرکووک، هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک ـ گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەگای مەکتەب پێشوازیی لە بنەماڵەی سەربەرزی هەر چوار شەهیدە تێکۆشەر، نیشتمانپەروەر و خاوەن هەڵوێستەکەی کەرکووک کرد، کە پێکهاتوون لە بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدان:

شەهید هاوکار عەبدوڵڵا

شەهید هەڤاڵ ستار

شەهید سەمەد محەممەد

شەهید حوسێن سابیر

ئەو چوار شەهیدە پاڵەوانە، لە ٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە پێش بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک ـ گەرمیانی پارتی، سەربەرزانە شەهید بوون و چوونە کاروانی نەمرانەوە. بنەماڵەی ئەم شەهیدانە سیمبولی قوربانیدان، قەڵای خۆڕاگری و تاجی سەربەرزیی گەلەکەمانن لە کەرکووک.

لە دیدارەکەدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک ـ گەرمیان، ستایشی قوربانیدانی بێوێنەی ڕۆڵەکانیانی کرد لەپێناو پاراستنی سەروەریی شارەکە و ڕەتکردنەوەی جیاکاری لە کەرکووکدا. هاوکات ستایشی بڕیاری بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە بڕیاری دا هەر چوار شەهیدەکە وەک شەهیدی سەنگەر ئەژمار بکرێن، کە ئەمەش کەمترین پاداشتە بۆ خوێنی پاکی ئەو تێکۆشەرانە.

لای خۆشیانەوە، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان سوپاس و پێزانینی زۆری خۆیان ئاراستەی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی و کاک مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت کرد، کە وەک هەمیشە بەردەوام لە خەمی ئەواندا بوون و پشت و پەنای ڕاستەقینەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانن.