Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگاری هەولێر ناوەڕۆکی سەردانەكەیان بۆ KDP.info دەخاتەڕوو

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر ئامانجی سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستانی بۆ شاری (وان) لە باکووری کوردستان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە دەیانەوێت پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەت لە کەرتی بازرگانیدا پێش بخەن. ئاماژەی بەوەشدا کە کردنەوەی دەروازە نوێیەکانی وەک (زێت) کاتەکانی گەشتکردنی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە و هیوای خواست حکوومەتی عێراق هاوکار بێت بۆ فەرمیکردنی ئەم دەروازانە لە ڕووی بازرگانییەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "بۆ یەکەمجارە پارێزگای هەولێر و وان لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی (زێت)ەوە بە یەکتر دەبەسترێنەوە. ئامانج لەم هەنگاوە نزیککردنەوەی هاتوچۆ و گەشتیارانە، پێشتر گەشتەکە نزیکەی ١٧ کاتژمێری پێدەچوو، بەڵام ئێستا کورت بووەتەوە بۆ تەنیا یەک کاتژمێر. ئەمەش هاوشان لەگەڵ دەروازەی 'سەرزێڕ' جێگەی دڵخۆشییەکی گەورەیە."

سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە چالاکییەکانی شاری وان، پارێزگاری هەولێر گوتی: "بەشداریکردنمان لە فێستیڤاڵی 'نانی بەیانیی وان' کە لە ساڵی ٢٠١٤وە هەموو ساڵێک لە مانگی شەشدا بەڕێوە دەچێت، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە نەتەوەیی، کولتووری و نیشتمانییەکانە، چونکە ئێمە یەک گەلین. ئەم دەروازانە هاتوچۆ ئاسان دەکەن و جووڵەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بەرەو پێشەوە دەبەن."

ئومێد خۆشناو هیوای خواست کە حکوومەتی عێراق هاوکار و ئاسانکار بێت بۆ ئەوەی دەروازە نوێیەکان جگە لە هاتوچۆی گەشتیاری، بۆ کاری بازرگانیش بەکاربهێندرێن. ئاماژەی بەوەشدا کە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە هەرێم کار دەکەن، بازرگانانی ئێمەش لە تورکیا خاوەن موڵک و کارن، ئەمەش بەڵگەی خواستی دوو لایەنەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان.

 

بڵند ئیبراهیم