دەروازەی زێت-KDP. info- پارێزگاری هەولێر، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی زێتی کرد و، جەخت لەسەر گرنگی ستراتیژیی دەروازەی زێت کرایەوە وەک دەرچەیەکی گرنگ بۆ بووژانەوەی کەرتی بازرگانی، پیشەسازی، و ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ ناوچەکە.
ئەمڕۆ شەممە 2026.6.6، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کاروبارەکان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەیاوەری غەفوور ئەحمەد مەلا سوار، قائیمقامی مێرگەسۆر و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و دلێر محمەد، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەولێر و ئیبراهیم سەمین، جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و شاندێکی باڵای ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی زێتی کرد و لەلایەن جەواد سوار حەمەد، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی زێت و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی دەروازەکەوە پێشوازیی لێکرا.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆیەکی چڕ و هەمەلایەنە لەسەر ڕەوشی ئێستای دەروازەکە و ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان کرا و پێداچوونەوە بە قۆناغەکانی پەرەپێدانی دەروازەکە و ئاسانکارییە کارگێڕییەکان بۆ گەشتیاران و بازرگانان کرا.
لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا، جەخت لەسەر گرنگی ستراتیژیی دەروازەی زێت کرایەوە وەک دەرچەیەکی گرنگ بۆ بووژانەوەی کەرتی بازرگانی، پیشەسازی، و ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ ناوچەکە و تاوتوێی پلانی نوێ کرا بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک شارەوانی، گەشتوگوزار، و ژووری بازرگانی بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنانی زیاتر.
لەکۆتاییدا، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی دەروازەکە کرد بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان و پشتگیری تەواوی پارێزگای بۆ سەرخستنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیژییەکانی دەروازەکە دووپاتکردەوە.