Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بروسکەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی حکوومەت و گەلی سوید دەکات

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بروسکەیەکی فەرمیدا بۆ باڵیۆزخانەی سوید و نوێنەری ئەو وڵاتە بۆ کاروباری عێراق، گەرمترین پیرۆزبایی بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی شانشینی سویدەوە ئاراستەی حکوومەت و گەلی دۆستی سوید دەکات.

دەقی بروسکەی پیرۆزبایی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی:

بەڕێز جەنابی جۆرگن لیندسترۆم، نوێنەری شانشینی سوید بۆ کاروباری عێراق و باڵیۆزخانەی سوید

مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە،  بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و گەلی سوید دەکات، بە خۆشحاڵیەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان، حکوومەت و گەلی دۆستی شانشینی سوید دەکەین، بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانی سوید.

لەم بۆنە نیشتمانییە گرنگەدا ئەو دەرفەتە دەدۆزینەوە بۆ ڕێزگرتن لە بەها دیرینەکانی سوید لە بواری دیموکراسی، شکۆی مرۆڤ، یەکسانی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئازادی و ڕێزگرتن لە فرەیی. ئەم بەهایانە وایان کردووە سوید ڕێز و پێگەیەکی تایبەتی لەنێو نەتەوە و گەلانی جیهاندا بەدەست بهێنێت، لەوانەش گەلی کوردستان.

گەلی کوردستان ڕێز و پێزانینێکی تایبەتی بۆ سوید و گەلی سوید هەیە. بۆ چەندین دەیە، سوید پەنا، پاراستن و شکۆی مرۆڤایەتی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی کورد دابین کردووە، لەو کاتانەدا کە گەلەکەمان ڕووبەڕووی قۆناغی قورس و پڕئاستەنگ بووەتەوە. ئەم هاوکارییە مرۆڤدۆستانە هەمیشە لە یاد و دڵی گەلی کوردستاندا بە پێزانینەوە دەمێنێتەوە.

ئەو هەڵوێست و دەرفەتانە بەرز دەنرخێنین  کە سوید بۆ نەوەکانی کورد و کۆمەڵگەی کوردی لە سوید ڕەخساندووە، بۆ ئەوەی بتوانن ببنە بەشداربوویەکی چالاک، سەرکەوتوو و ئەرێنی لە کۆمەڵگەی سویدا. زۆرێک لە کوردانی سوید توانیویانە سەرکەوتووانە و ئەرێنیانە بەشداری لە ژیانی گشتی، پەروەردە، بازرگانی، کلتوور، کۆمەڵگەی مەدەنی و بواری سیاسی و ئابووریدا بکەن، هەروەها ببنە پردێکی دۆستایەتی لەنێوان کوردستان و سویددا. 

پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی کورد و گەلی سوید لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش، بەها مرۆڤایەتییە هاوبەشەکان و پەیوەندییەکانی نێوان گەلان بنیاد نراوە. ئێمە بە هیواوە کار بۆ بەهێزترکردنی ئەم پەیوەندییانە و فراوانکردنی دەکەین لە تەواوی بوارەکانی بەرژەوەندیی هاوبەش، لەوانە کلتوور، پەروەردە، گەشەپێدان، بەشداریی دیموکراتی و هاوبەشیی ئابووری.

لە ڕێگەی جەنابتانەوە پیرۆزبایی خۆمان بۆ کەلی سوید دەنێرین و ئومێدی بۆ بەردەوامی ئاشتی، خۆشگوزەرانی و سەرکەوتن بۆ حکوومەت و گەلی شانشینی سوید دەخوازین. 

 

مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان

٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦