Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەبدوڵڕەحمان سدیق: ژمارەی کارگە ژینگەدۆستەکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٧٣ کارگە

هەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە ژمارەی کارگە ژینگەدۆستەکان لە ھەرێم گەیشتووەتە ١٧٣ کارگە، ئەمەش ھاوکاتە لەگەڵ یادی ڕۆژی جیھانیی ژینگە و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان وەک گەورەترین سەرمایەی نیشتمانی.

عەبدوڵڕەحمان سدیق، ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کە پێنجی حوزەیرانی ھەموو ساڵێک ھاوکاتە لەگەڵ یادی ڕۆژی جیھانیی ژینگە، کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٩٧٢ و بەستنی یەکەم کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ستۆکھۆڵم دەگەڕێتەوە، کە تێیدا ژینگە بووە تەوەری سەرەکی و پاشان بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە لێکەوتەوە.

ئەو ڕاوێژکارە ئاماژەی بەوەش کرد کە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە دروشمی "ژینگەی کوردستان گەورەترین سەرمایەی ھەرێمە"، پێشکەوتنی گەورەی لە بواری برەودان بە ڕۆشنبیریی ژینگەیی و کەمکردنەوەی مەترسییەکان بەدەستھێناوە. یەکێک لە دیارترین بەڵگەکانی ئەم پێشکەوتنەش، زیادبوونی ژمارەی ئەو کارگانەیە کە کارەکانیان دۆستی ژینگەن و لە ئێستادا ژمارەیان گەیشتووەتە ١٧٣ کارگە لەسەرانسەری ھەرێمدا.

سەبارەت بە دابەشبوونی کارگەکان بەپێی شارەکان، پارێزگای ھەولێر بە ١١٤ کارگە لە پلەی یەکەمدایە، بەدوای ئەویشدا سلێمانی بە ٤٣ کارگە و دھۆک بە ١٦ کارگەی ژینگەدۆست دێن. ئەم کارگانە لە چەندین بواری جیاوازی وەک ریسایکلینی کارتۆن (٤٠ کارگە)، کلێنس (٥١ کارگە) و ریسایکلینی ئاو (٤٢ کارگە) کار دەکەن کە زۆرترین ڕێژەیان بەرکەوتووە. جگە لەوانەش، پرۆسەی ریسایکلینەکە بوارەکانی پلاستیک، تایەی ئۆتۆمبێل، پاتری، تواندنەوەی کانزاکان، کاغەز و کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاکیش دەگرێتەوە کە لە شارەکانی ھەرێمدا دابەش بوون و ڕۆڵی گرنگ لە پاراستنی ژینگەدا دەگێڕن.

 

بڵند ئیبراهیم